دوو خوشك 11 بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ستده‌هێنن

K24 - هه‌ولێر:
دوو خوشك له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا توانیویانه 11 بڕوانامه‌ی زانكۆیی له بواری جیاجیا و له زانكۆی جیا به‌ده‌ستبهێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا پسپۆڕیه‌تی جیاواز ده‌خوێنن و ده‌یانه‌وێت له داهاتوودا پسپۆڕێتی دیكه‌ش بخوێنن و زۆرترین زانست و زانیاری به‌ده‌ستبهێنن.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ، هه‌ردوو خوشك مه‌لیكه چاگلیان (ته‌مه‌ن 33 ساڵ) و ئه‌جا چاگلیان (ته‌مه‌ن 32 ساڵ)، ئێستا خه‌ریكی خوێندنی دكتۆران له به‌شی زانیاری پزیشكی له زانكۆیه‌كی ئه‌نقه‌ره، مه‌لیكه ده‌ڵێت ئه‌و حه‌زه‌ی بۆ خوێندن، له دایك و باوكییه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی باوكی، كه به‌رده‌وام یارمه‌تی داون و به‌شی نوێ و پسپۆڕێتی نوێی پێناساندوون.
مه‌لیكه ئاشكرای كرد، حه‌زی كردووه له‌پاڵ خوێندنی ئاسایی خۆی، به‌شداری خوێندنی كراوه‌ش بكات، له ته‌مه‌نی 7 ساڵییه‌وه ئه‌و حه‌زه‌ی بۆ درووست بووه، كاتێك باوكی به‌شداری خوێندنی كراوه‌ی كردووه و دووه‌م بڕوانامه‌ی زانكۆیی به‌ده‌ستهێناوه.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دوای ئه‌وه‌ی به‌شی كیمیای له زانكۆ ته‌واو كردووه، دواتر بڕیاری داوه به‌شداری خوێندنی كراوه بكات، توانیویه‌تی به‌شه‌كانی بازرگانی، ئابووری كار، په‌یوه‌ندییه‌كانی پیشه‌سازی و كارگێڕیی دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كان بخوێنێت، دوای ته‌واوكردنی ئه‌و پسپۆڕییه‌تییانه، ده‌ستی داوه‌ته خوێندنی باڵا و ماسته‌ری خوێندووه له به‌شی كیمیای پۆلیمه‌ر، له‌هه‌مانكاتیشدا به‌شی راهێنانی مامۆستایه‌تی خوێندووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی كردووه ببێته مامۆستا.
مه‌لیكه راگه‌یاند، ئێستا خه‌ریكی نووسینی تێزی دكتۆرایه له به‌شی زانیاری پزیشكی له زانكۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر له‌و زانكۆیه به‌شی كۆمپیوته‌ری ته‌واو كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویستی به‌وه بووه، كۆده‌كان له‌و بواره‌دا بزانێت.

روونیشكرده‌وه، حه‌زده‌كات له داهاتوودا هه‌ندێك بواری جیاواز بخوێنێت، كه په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، وه‌ك فه‌لسه‌فه كۆمه‌ڵناسی، دواتر به‌شی ماف بخوێنێت له‌گه‌ڵ ده‌رمانسازی، كه به گرنگی ده‌زانێت.
مه‌لیكه باسی له‌وه‌ش كرد، خۆی و خوشكه‌كه‌ی هانی یه‌كتر ده‌ده‌ن و پشتگیری یه‌كتریان كردووه، به‌یه‌كه‌وه وه‌رزش ده‌كه‌ن، هونه‌ری وه‌رزشی كاراتی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، مه‌له‌وانی ده‌كه‌ن، ئامێری گیتار ده‌ژه‌نن، هونه‌ری هه‌ڵكۆڵینیش ده‌زانن، خه‌ریكی وێنه‌كێشانن، به‌ڵام له خوێندنیش به‌رده‌وامن.
ئه‌وه‌نده‌ی خوێندوومه، به‌س نییه و وازناهێنم
خوشكه بچووكه‌كه‌ی مه‌لیكه، "ئه‌جا" ده‌ڵێت له‌و به‌شه جیاوازانه‌ی خوێندوویه‌تی، له بواری ژیانیدا سوودی لێوه‌رگرتووه، خوێندنی هه‌ندێك پسپۆڕێتی یارمه‌تیده‌ری بوون، تا له بواری دیكه‌ش بخوێنێت، سه‌ره‌تا له به‌شی ئه‌ندازیاری كۆمپیۆته‌ر خوێندوویه‌تی، دواتر وێنه‌گرتنی فۆتۆگرافی، وێنه‌گرتنی سینه‌مایی و كارگێڕیی ده‌مه‌زراوه‌كانی ته‌ندروستی، دواتریش خوێندنی باڵای له به‌شی زانیاریی پزیشكی ته‌واو كردووه و ماسته‌ری به‌ده‌ستهێناوه، ئێستاش خه‌ریكی نووسینی تێزی دكتۆرایه له‌و بواره. له داهاتووشدا به‌نیازه له بواری پزیشكی ده‌روونی و كۆمه‌ڵناسی بخوێنێت.
ئه‌جا ئاشكرای كرد، جگه له خوێندنی كراوه، هه‌ر له منداڵییه‌وه هونه‌ری شه‌ڕكردن "كاراتی" و مۆسیقا و مه‌له‌وانی و سه‌ماكردن و یۆگا فێربووه، له كاراتیدا خۆی و خوشكه‌كه‌ی پشتێنی ره‌شییان به‌ده‌ستهێناوه.

خوێندنی كراوه، سیستمێكی خوێندنی زانكۆییه، له هه‌ندێك وڵات په‌یڕه‌و ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی كاتیان نییه، یان ده‌رفه‌تیان بۆ ناڕه‌خسێت له شارێكی دیكه بخوێنن و بچنه زانكۆ، له ماڵه‌وه به‌شداری له‌و سیستمه‌ی خوێندن ده‌كه‌ن و پسپۆڕییه‌تییه‌كه ده‌خوێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانن له یه‌ك كاتدا له چه‌ند بوارێكی جیا و له زانكۆی جیاش بخوێنن.