پەکەکە بیانوو دەداتە دەست تورکیا

"پەکەکە لە گوتاری سیاسی سەربەخۆ نییە"
دوو چەکداری پەکەکە لە سنووری شنگال - ئەرشیف
دوو چەکداری پەکەکە لە سنووری شنگال - ئەرشیف

K24 - هەولێر

سەرەڕای فشارە ئابووری و سیاسییەكانی حكومەتی عێراق لەسەر ھەرێمی كوردستان، لە لایەكی دیكە دەستبەسەر داگرتنی داھاتی سلێمانی و نەگەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی حكومەت، پەكەكەش لە ناوچە سنوورییەكان بیانوو دەداتە دەست توركیا، بۆ ئەوەی ھێرش بكاتە سەر ناوچە سنوورییەكان، كە بە ھەزاران خەڵكی سڤیل زەرەرمەند دەبن. بەبڕوای شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ھەموو ئەو فشارانە و جموجۆڵەكانی پەكەكە پەیوەندیان بە یەكەوە ھەیە و بە بەرنامە كار لە دژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن.

توركیا ئۆپەراسیۆنێكی چڕی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە سنووری ھەرێمی كوردستان دەستپێکردووە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی بڕوایان وایە، ئەوەی پەكەكە دەیكات بەرنامە بۆ داندراوە، بە جۆرێك چەند ھاوپەیمانی سێقۆڵی ھەوڵبدات بۆ پێكھێنانی حكومەتی عێراق، ھێندەش فشار لەسەر ھەرێمی كوردستان زیاتر دەبن.

لەوبارەوە سامان سۆرانی، شرۆڤەكاری سیاسی بە کوردستان24ی راگەیاند: "هاوپەیمانی سێقۆڵی هەوڵدەدات عێراق سەروەری بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، کە ئەمە دژی ئەو هاوکێشەیە لە دوای 2003 لە عێراق هەیە، هێزەکانی ناوچەکە توانیویانە بەرفراوانترین شێوە هەژموونی خۆیان بەسەر عێراق بسەپێنن و بۆ بەرژەوەندی تاکلایەنانە کار بکەن، بەڵام ئێستا هەوڵدەدرێت ئەمە کۆتایی بێت".

گوتیشی: " تا ئەوکاتەی هاوپەیمانی سێقۆڵی کار لەسەر گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی لە عێراق بکات، هێندە فشارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕ دەکرێنەوە، هاوکات فشار دەخرێتە سەر ئەو لایەنانەی کە خواستیان پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەیە لە عێراق".

ھەر كاتێك فشارێكی ناوخۆی یان دەرەكی بۆ سەر ھەرێمی كوردستان ھەبێت، پەكەكە لە سنوورەكانەوە دۆخێكی ناسەقامگیر دروست دەكات، ئێستاش كە لە سلێمانی  كە دەست بەسەر داھاتدا گیراوە، لە بەغداش فشارێكی زۆر لەسەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، پەكەكە  وەك كاری ھەمیشەیان دەستی سوپای توركیایان گرت بۆ دەسپێكردنی ئۆپەراسیۆن. شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بەوەدەکات: پەكەكە وەك بەرنامەی ھەمیشەیان ئەجندای ھەرێمی جێبەجێ دەكات.

سەرسام خەلیل، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە کوردستان24ی گوت: "پەکەکە لە گوتاری سیاسی سەربەخۆ نییە، هێندەی لە خەمی بەرژوەندی تایبەتیەکانی نوخبەیەکی ناوخۆی کاردەکات، نیوهێندە خەمی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی نییە".

ئەجندای پەكەكە، ھاوشێوەی ئەو لایەنانەیە كە لە كاتی دروستبوونی قەیران و فشار دروستكردن لەسەر ھەرێمی كوردستان، جموجوڵ دەكەن ھاوشێوەی ئێستا رێگەخۆش دەكەن بۆ دەسپێكردنی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، كە تێیدا خەڵكی سڤیل زەرەرمەند دەبن. بەشێك لە  پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی ھاوڕان لەسەر ئەوەی بڕیارەكانی حكومەتی عێراق دژی ھەرێمی كوردستان و دەست بەسەرداگرتنی داھات لە سلێمانی لەگەڵ جموجوڵەكانی پەكەكە یەك ئەجندایە دژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان.