((دوێنی لەهەولێر تیرۆرست بوون ، ئەمڕۆ لەبەغدا دۆستن!))

Kurd24

ئەگەرچی لە سیاسەت هەموو پێشهات و گۆرانكاری لە هەلوێستەكان شتێكی وارد و نۆرماڵە، له‌وه‌ی كەس و گرووپ و وڵاته‌كان ئەنجامی دەدەن، بەڵام ئەوەی چەند رۆژە لە گۆرەپانی سیاسی عێراقی روویدا، لەسەرووی هەموو بەها ئەخلاقی و پێشبینییەكان بوو، ئەویش ئازادكردن و گەڕانەوەی چەند سەركردەیەكی دیار و خاوەن جەماوەری سووننەكان بوو، كە هەریەك لە (رافع عیساوی) جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری پێشووی دارایی عیراق و شێخ (عەلی حاتەم سلێمان) ئەمیری هۆزەكانی دلێم لە عیراق بوو.

ئەم سەركردانە و چەندانی دیكه‌ی وەك (تاریق هاشمی، ئەحمەد عەلوانی و ئەسیل نوجێفی) لەلایەن ئێران و كابینەكەی مالیكی بە تۆمەتی تێرۆر و گەندەڵی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچوو، به‌وه‌ی ئەوانە لەژێر ئەم چەترە پشتگیری تیرۆر دەكەن و ئەو سەركردانەیان لە گۆرەپانەكە دەركرد، هەندێك لەوانە هانایان بۆ هەولێر هێنا و داب و نەریت، رەوشت و ئەخلاقی كوردستانیان و هەولێر وایە، كە هەردەم باوەش بۆ لێقەوماوان دەكاتەوە، هەروەك چۆن باوەشی بۆ سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كردەوە، كە دژی حكومەتی بەعس بوون، لەنێویشیاندا (نوری مالیكی) و ژماره‌یه‌ك سەركردەی دیكه‌ی شیعە و عێراقی، هەربۆیە لەپاش هاتنی داعش ساڵی (2014) جارێكی دیكه‌ هەرێمی كوردستان و هەولێر باوەشی بۆ لێقەوماوان و سەركرده‌ سوننەكانی كردەوە، كە بە بیانووی لاواز لەلایەن ئێران و نوری مالیكییەوە تۆمەتیان خرابووه‌ پاڵ.

خاڵی گەوهەری لێرەدا ئەوەیە، ئەوكات بە هەرێمی كوردستانیان دەگوت: هەولێر داڵدەی تیرۆرستان دەدات و پێویستە بدرێنە دادگا و دەیان تۆمەتی بێ بنەمایان دەخستە پال حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی، بەڵام بڕیاری حەكیمانەی سەركردایەتی سیاسی بە سەرۆكایەتی (بارزانی) تەحەمولی هەموو فشار و هەڕەشە و گوڕەشەكانی كرد و لەم پێناوەشدا باجی بۆ دانا، ئەم هەڵوێستەش لە دیرۆكی عێراقیەكان و به‌تایبه‌ت سونەكان، بەگەورەیی دەمینێتەوە و ئەگەر بێ وەفا نەبن لە ئایندەدا نابێت لەبیری بكەن.

ئێستا دۆخەكە بەرەو چ ئاراستەیەكە؟ ئەم رووداوە بۆ روویدا، كە هەریەك لە (رافع عیساوی و عەلی حاتەم) تیرۆرستی دوێنی و دۆستی ئەمڕۆ كە بە كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی وەزارەتی ناوەخۆیی عێراقی دەگەڕێنەوە نێۆ جەماوەر و خەڵكەكەیان، ئەم بڕیارە سیاسیەی ئێران و كاربەدەستانی لەعێراق دوای ئەوە دێت، كە لەبارودۆخی ئەو ولڵاتە و ئایندەیان تەواو بێ ئومێد بوونە،‌ پاش دۆڕانیان لە هەڵبژاردنەكانی (10 ی ئۆكتۆبەر) و دروستبوونی كوتلەیەكی زۆرینەی پەرلەمانی بەناوی (رزگاری نیشتمانی)، كە هەریەك لە (سەدریەكان و پارتی و سیادە) لەخۆدەگرێت و ئێران هەموو فشار و رێگایەكی تاقی كرده‌وه‌، كە خۆی لەهەڕەشە و كردەی سەربازی و مووشەك بارانی هەولێر و مالی حەلبوسی دەبینتەوە، بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشت، هەروەها (موقتەدا سەدر) لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان مۆلەتی (40) رۆژی به‌ ئێران و هاوپەیمانەكانی دا و پێی گوتن فەرموو حكومەت پێكبهێنن، به‌ڵام تا ئێستا شكستیان هێناوە و نه‌یانتوانی ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێن.

ئەمجارە ئێران گەڕانەوە و ئازادكردنی ئەو سەركردە سونانەی بۆ گۆڕەپانەكە وەك كارتێك بەكارهێنا، پرسیارەكە ئەوەیە: مەبەست و لەم یارییە ئامانجی چیە؟ دەتوانین لەم خالانەدا شیكردنەوەیەكی بۆ بكەین:

1. گەڕانەوەی ئەم دوو كەسایەتە بۆ گۆڕەپانەكە هەردووكیان دانیشتووی پاریزگای ئەنباری شوێنی لەدایكبوونی (محمد حەلبووسی) سەرۆك پەرلەمانی عێراقن و لە ئێستادا قسەكەری یەكەمی سوننەكانە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی، بە گەڕانەوەی ئەم دوو كەسایەتییە لێدانە لە پێگەی (حەلبووسی) لەڕووی كۆمەلایەتی و سیاسیەوە منافسێكی بۆ دروست دەبێت، لێرەدا پرسیارێكی دیكه‌ ده‌ورووژێت، ئه‌ویش ئەوەیە: بۆچی (رافع عیساوی و عەلی حاتەم) بوون؟ بۆچی (تاریق هاشمی) نەبوو، كە پێگەی لەهەموو سەركردە سوننه‌كان بەهێزترە، چونكە مەبەست و ئامانجەكە پارێزگای ئەنبار و حەلبوسییە، كە دژی حكومەتی تائیفی و ئێرانیە و لەگەڵ حكومەتی زۆرینەیە.

2. رەهەندی دووەم، ئێران باش لەوە گەیشتووە، خاڵی لاوازی كۆتلەی (رزگاری نیشتمانی) نە سەدرە و نە پارتییە بەڵكو سوننەكانە، كە ریزەكانیان زۆر جێگیر نییه‌، بۆیە لەهەنگاوی یەكەم كە لە پێگەی حەلبووسی دا كاربۆ هەڵوەشاندنەوەی (هاوپەیمانی سیادە) سوونەكان دەكات، كە (حەلبووسی و خەنجەر) سەركردایەتی دەكەن، ئەمەش كار دەكاتە سەر هاوپەیمانە زۆرینەكەی (رزگاری نیشتمانی)، كە بەهاوپەیمانی سیانی (سەدر و بارزانی و حەلبووسی) دەناسرێت، ئەگەری زۆری هەیە، لەم دەرگایەوە هاوپەیمانێكی دیكه‌ی نوێی سوننەكان بەسەركردایەتی (عیساوی) و (عەلی حاتەم) پێكبهێنرێت، كە نزیك بن لە چوارچێوەی هەماهه‌نگی شیعەكان.

3. رەهەندێكی دیكه‌ی ئەو كارتە لەوەدایە، بەتایبەتی گەڕانەوەی (عەلی حاتەم سلێمان) وەك سەرۆك هۆز و سەرۆكی سەحەواتی عێراقی دژی قاعیدەی ئەو كات و لە ساڵی (2014)ـش سەركردایەتی شۆرشگێرانی هۆزەكانی دەكرد، كە زیاتر كەسایەتیەكی عەشایەریی چەكدۆستە لەوەی سیاسی بێت، سروشتی زیاتر خێلەكی یە و كەس بەگەورەی خۆی نازانێت، بۆیە ئێران لە ئێستادا لەم هاوكێشەیە تاقیدەكاتەوە لە ئەگەری سەرنەكەوتنی یان و سەركەوتنی پڕۆژەی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی، كە دژی بەرژەوەندیەكانی ئێرانە لە عێراق و ئەگەری زۆری هەیە ئەو كەسایەتیە بەكاربهێنێت و كارەكە بگاتە رووبەڕوونەوەی چەكداری، ئەمەش بە دەرفەتێك دادەنرێت بۆ گەڕانەوەی هەیبەتی هێزەكانی (حەشدی شەعبی)، كە لەهەڵبژاردنەكاندا لەدەستیان دابوو و تەنها كارتی شەڕ و سەربازییان بەدەسته‌وه‌ ماوەتەوە، جارێكی دیكه‌ شەڕ و ئاژاوە ببەنە نێو ماڵی سووننەكان.