چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەکی دیکە دەخاتەڕوو

"بەبێ مەرجی پێشوەختە ئامادەی دانووستان بن"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی دووەم دەستپێشخەری بەناوی دربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی ئێستای عێراق بڵاوکردەوە.

دەستپێشخەرییەکە لە دووبەش پێکهاتووە، بەشی یەکەمی نۆ خاڵ لەخۆ دەگرێت و پەیوستە بە یەکلایی کردنەوەی پرسی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و داوا لە تەواوی لایەنەکان دەکات، بەبێ مەرجی پێشوەختە ئامادەی دانووستان بن، بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی ئێستا و جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە.

هەروەها ئاماژەیداوە: "بەشداربوون لە حکومەتی داهاتوو یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن بژاردەیەکی کراوەیە لەبەردەم لایەنەکان، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک ناچار بکرێت".

بەشی دووەمی دەستپێشخەرییەکە، ئەویش لە نۆ خاڵ پێکهاتووە، پەیوەستە بە پێداچوونەوە بە تەواوی گرێبەست و قەرزەکان، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی کارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن.

خاڵیكی دیکەش لەو دەستپێشخەرییە پەیوەستە بە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، لە نێویاندا بەڕێوەبردنی سامانی وڵات، پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە و پابەندبوونیان بە بڕیار و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.