له‌ نه‌وتدا به‌سره‌ و سعوودییه‌ ده‌بنه‌ جێگره‌وه‌ی رووسیا

پاڵاوگەکانی ئەوروپا هەوڵدەدەن نەوتی جێگرەوە بدۆزنەوە
پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وت له‌ عێراق
پاڵاوگه‌یه‌كی نه‌وت له‌ عێراق

K24 - هه‌ولێر:

بە گوێرەی راپۆرتێکی سەکۆی ئێس ئاند پی گلۆبال کۆمۆدیتی ئینسایتس، نەوتی خاوی بەسڕە و نەوتی ئارامکۆی سعودیە بژاردەی سەرەکین بۆ جێگرتنەوەی نەوتی رووسیا بۆ ئەوروپا.

سەکۆی ستاندەرد ئاند پورز گلۆباڵ لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکەن، پلانی ئەوروپا کە دوێنێ لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی رووسیاوە رایگەیاند، ئامانجییەتی تا کۆتایی ئەمساڵ دەستبەرداری نەوتی وڵاتەکە بێت. لەبەرامبەردا ئاراستەی هاوردەکردنی بگۆڕێت.

ئەو سەکۆیە پێی وایە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوروپا وەک وەڵامێک بۆ کەمکردنەوەی هاوردەی نەوتە لە رووسیا، بە جۆرێک پاڵاوگەکانی ئەوروپا هەوڵدەدەن نەوتی دیکەی جێگرەوە بدۆزنەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نەوتی بەسڕە و نەوتی ئارامکۆی سعودیە بوونەتە دەنگۆیەکی بەهێز لە نێو پاڵاوگەکانی ئەوروپا بۆ ئەوەی ببنە شوێنگرەوەی نەوتی رووسیا. لە کاتێکدا ئەوان بە دوای جێگرەوەیەکی گونجاوی نەوتی ئۆراڵی رووسیادا دەگەڕێن.