چوارچێوەی هەماهەنگی تاووتوێی دانووستان لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان دەکات

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبوونەوە
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هەماهەنگی شیعە - ئەرشیف
کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هەماهەنگی شیعە - ئەرشیف

K24 - هەولێر

دوای کۆبوونەوەی "هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان" لە هەولێر، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، شەوی رابردوو لە ماڵی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ تاووتوێکردنی پرسی خۆدەربازبوون لە داخرانی سیاسی کۆبوونەوە.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی فالح فەیاز ئاشکرای کردووە، لە کۆبوونەوەکەی ماڵی فەیازدا تاووتوێی دانووستان لەگەڵ کوتلە سیاسییەکان کراوە، لە سەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەیان بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە چەقبەستووە سیاسییە هەیە.

چوارچێوەی هەماهەنگی شەش رۆژە دەستپێشخەرییەکی 18 خاڵی بۆ رێککەوتنی پێهکێنانی حکومەت و دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی هەیە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا لەلایەن کوتلە و لایەنە سیاسییەکان هیچ بە دەنگەوە چوونێک نەبووە.

پەیوەست بەو پرسە کەریم ئەلمحەمەداوی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوا لە هاوپەیمانەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی و رەوتی سەدر دەکات، واز لە ناکۆکییە سیاسییەکان بێنن و بە پەلە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق یەکلایی بکەنەوە، کە لە بەرژەوەندی عێراق و خەڵكەکەیەتی.

هەروەها حکومەتەکەی مستەفا کازمی بە دوو روو ناودەبات و دەڵێ "بەهۆی ئەم حکومەتەی ئێستا، خەڵکی عێراق لە هەژاریی و پشتگوێخراندا دەژین، هەربۆیە رێک نەکەوتن و ناکۆکییەکانی نێوان هێزە سەرەکییەکانی شیعە، کاریگەریی و کاردانەوەی خراپی بە سەر شەقامی عێراقیی بەگشتی و کۆمەڵگەی باشووری عێراق بە تایبەتی دەبێت".