"ئەمەریکا دەیەوێت رووسیا لە داهاتی نەوت بێبەش بکات"

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا: نەوتی رووسیا لە بازاڕی جیهان قەدەغە ناکەین
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی دەیەوێت رووسیا لە داهاتی نەوت بێبەش بکات، نەک نەوتەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا قەدەغە بکات.

جانێت یلین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا قسەی بۆ لیژنەی بانکی ئەنجومەنەکە کرد و گوتی: "پێموایە بێبەشکردنی رووسیا لە داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بەرژەوەندی ئێمەیە، ئەمەش تاڕادەیەک جیاوازە لەوەی بڵێین دەمانەوێت نەوتی رووسیا لە بازاڕەکانی جیهاندا قەدەغەیە، چونکە بەمجۆرە هەم رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئاستی جیهان و هەم رێگە لە زیادبوونی داهاتی نەوتی رووسیاش دەگرین، بەمجۆرەش وڵاتانی دیکە نایانەوێت بە کڕینی نەوتی رووسیا پێشێلی سزاکانی ئەمەریکا بکەن".

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد "هەندێک دامەزراوەی دارایی لە ئاستی جیهان هەن، رەنگە پشتگیری لە بۆچوونەکانی ئەمەریکا نەکەن، بەڵام هۆشداریداوە لەوەی هەر رێکخراوێک خۆی بدزێتەوە و پشتگیری ماددی پێشکەشی لایەنێکی سزادرا و بکات، لەوانەیە خۆی رووبەڕووی سزادان بێتەوە".