خۆپیشانده‌رێك له هه‌ڵه‌بجه: ده‌رگای مه‌ڵبه‌ندمان به‌ڕوودا داخرا
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بۆ داواكردنی مافه‌كانیان بڕیاریاندا روو له مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی بكه‌ن، به گوێره‌ی لێدوانی خۆپیشانده‌رێك له‌م پارێزگایه، ده‌رگای مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی به‌ڕوویاندا داخرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌سه‌ڵاتداری شاره‌كه‌یه.
یه‌كێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی ئه‌مڕۆی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له پۆستێكی فه‌یسبووك رایگه‌یاندووه، "ئێمه‌ی وه‌ك دانیشتوانی زۆنی سه‌وز، دژایه‌تیكردنی كوێرانه‌ی پارتیان كردووه‌ته كولتوور لامان".
دانیار عێزه‌دین، یه‌كێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی ئه‌مڕۆی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك ئاماژه به‌وه ده‌كات، "ئه‌مڕۆ له خۆپیشاندانی به‌شێك له مامۆستایان، فه‌رمانبه‌رانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه و شاره‌وانی، بۆمان ده‌ركه‌وت هه‌ڵه‌بووین چووینه به‌رده‌م بانكی ئه‌م شاره، بۆیه ئاراسته‌ی خۆپیشاندانمان به‌ره‌و هه‌ریه‌ك له مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداری شار و باره‌گای لقی پارتی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی كوردستان گۆڕی".
ئه‌م خۆپیشانده‌ره روونیكرده‌وه، "ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕێ نه‌بووین رووبدات ئه‌وه بوو ده‌رگای مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی داخرابوو، كه‌س نه‌هات به ده‌ممانه‌وه، دواتر روومان له باره‌گای لقی پارتی كرد زۆر به‌ڕێزه‌وه پێشوازیان لێكردین له‌وێ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو شته‌كانم بینی كه تا ئێستا خراونه‌ته مێشكمانه‌وه".
هه‌روه‌ها ئه‌م خۆپیشانده‌ره گوتی: "به‌رپرسی لقی پارتی و ته‌واوی كادیران هاتن به روومانه‌وه، داواكارییه‌كانیان لێمان وه‌رگرت و بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و رق و كینه‌ی له ناخمان هه‌بوو ده‌بێت پێچه‌وانه ببێته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "هه‌مووان ده‌زانین دۆخی خزمه‌تگوزاری ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی چۆنه، پارتی وا مووچه‌ی مانگی چوار دابه‌ش ده‌كات، ئیمه به‌دوای مووچه‌ی مانگی سێ‌دا وێڵین، چه‌ند رۆژێكیشه له‌سه‌ر شه‌قامین، پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان به ده‌ممانه‌وه نه‌هاتوون".
دواجار ده‌شڵێت: "تێبینی، من نه‌پارتیم و نه‌یه‌كێتیم، ئیشه‌ڵڵا ناشبمه پارتی، به‌ڵام قسه‌ی راست خوا ئه‌تگرێت نه‌یكه‌یت".