چوارچێوەی هەماهەنگی وه‌ڵامی رێبەری رەوتی سەدر دەداتەوە

"واز لە تاكڕەوی دەسەڵات بهێنن و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن"

K24 - هه‌ولێر:

دوای کۆبوونەوەیان لە ماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا وه‌ڵامی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریان دایەوە.

له‌ كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌یاندا سەرەتا بە پرسی رەتکردنەوە پرۆژەیاسای پشتیوانی ئاسایشی خۆراک دەستیان پێكردووە و ئاماژەیانداوە، سەرەتا پرۆژە یاساکە 9.6 تریلیۆن دینار بووە، کەچی حکومەتی کاربەڕیکەر بە دابینکردنی 30 تریلیۆن دینار پرۆژەکەی رەوانەی پەرلەمان کردووە، بۆ رەتکردنەوەی پرۆژەکەش دەستخۆشیان لە دادگای باڵای فیدراڵی کردووە و هۆشداریانداوە، لەوەی بەدگومانیی و تانەلێدان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی پێشهاتێکی مەترسیدار و سەرەتایەکە بۆ پشێوی و ناسەقامگیری.

هەروەها سێیەکی پەکخەر و رێگری لە پێکهێنانی حکومەتی نوێیان، بە تۆمەت ناو بردووە و ئاماژەیانداوە، هەندێک لایەن بانگەشەی سەرکەوتن لە هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام پێدەچێت شکستیان لە پڕۆژەی تاکڕەویی و خۆسەپاندن هێنابێت، بۆیە هەوڵی چەواشەکردنی رای گشتی دەدات.

لە کۆتاییدا چوارچێوەی هەماهەنگی پەسنی دەستپێشخەرییەکەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی کردووە و داوا دەکات، واز لە تاكڕەوی دەسەڵات بهێنن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییە بکەن بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سیاسیی و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بۆ ئەوەی مەینەتییەکانی هاووڵاتیان کەم بکاتەوە.