ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی هه‌یئه‌ی ته‌نسیقی موقاوه‌مه‌ی عێراقی ده‌داته‌وه‌

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر هەرێمی کوردستان باجێکی قورسی دەبێت
ئاڵای كوردستان و لۆگۆی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان
ئاڵای كوردستان و لۆگۆی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی هه‌یئه‌ی ته‌نسیقی موقاوه‌مه‌ی عێراقیی دایه‌وه‌ و دووپاتیكرده‌وه‌، هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە کیانێکی دەستووریی ناو عێراقە، باجێکی قورسی دەبێت.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان:

بەیاننامەیەك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

گرووپێکی لەیاسابەدەر بە ناوی هەیئەی تەنسیقی موقاوەمەی عێراقی، کە لامان ڕوون و ئاشکرایە لە لایەن چ کەسانێکەوە هان دەدرێن، لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمایان هەڵبەستووە و هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەم هەرەشانە نوێ نین و بەکردەوەش تا ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەوەی لە توانایاندا بووە بە فیتی هێزە دەرەکییەکان کردوویانە و بەرهەمیان بۆ عێراق تەنیا وێرانکاری و ئاژاوە بووە.

ئێمە لێرەدا پێیان ڕادەگەیەنین کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە کیانێکی دەستووریی ناو عێراقە، باجێکی قورسی دەبێت. ئەوان لە مێژوو وانەیان وەرنەگرتووە گەرنا دەیانزانی کە هێزی گەورەتر و پڕچەکتر لە ئەوانیش نەیتوانیوە ئیرادەی گەلەکەمان ببەزێنێت.

ئەم گرووپە لەیاسابەدەرانە هەرەشەن بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق و هەر ئەوانن زەمینەیان بۆ گەشەکردنی تیرۆر و هزری توندڕەوی خۆش کردووە.

سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە سەرقاڵی کاری هاوبەشن لە دژی تیرۆریستان و ئەم گرووپانەش سەرقاڵی فیتنە و ئاژاوەگێڕی و وێرانکارین.

حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسە سەروەریی عێراق بپارێزێت و ئاستێک بۆ ئەم سەرەڕۆیی و دوژمنکارییانە دابنێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

‎2022/5/23

H.B