عێراق: کەمپی هۆل مەترسییەکی گەورەیە

داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات هاووڵاتییانیان لەو کەمپە ببەنەوە
کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

K24 - هەولێر

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کەمپی هۆل مەترسییەکی گەورەی ناوچەکە و جیهانە و داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات هاووڵاتییانیان لەو کەمپە ببەنەوە.

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشمانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەوروپا و باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، باسیان لە مەترسییە ئەمنییەکان کرد و قاسم ئەعرەجی رایگەیاند "کەمپی هۆل مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ناوچەکە و جیهان دروستکردووە".

راوێژکاری ئاسایشی نیشمانی عێراق، داوایکرد سەرجەم وڵاتان هاووڵاتییانیان لەو کەمپە دەربهێنن و بیبەنەوە وڵاتەکانیان بۆ دادگاییکردن و سزادانیان، هەروەک عێراق بڕیاریداوە هاووڵاتییانی دەهێنێتەوە.

 گوتیشی "پەلەکردن لە داخستنی کەمپەکە سەقامگیری ئەمنی مسۆگەرتر دەکات".

کەمپی هۆل، کەوتووەتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، 56 هەزار و 154 کەسی تێدایە، کە 29 هەزار و 142 پەنابەری عێراقی و 18 هەزار و 903 ئاوارەی سووریا و 8109 ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن، بەگوێرەی چەند ئامارێک نیوەی دانیشتووانی کەمپە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.