بایدن: سیستمی مووشەکی و چەکی پێشکەوتووتر بۆ ئۆکرانیا دەنێرین

"ئێمە بە دوای شەڕی رووسیا و ناتۆدا ناگەڕێین"
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئەمەریکا جەختدەکاتەوە، وڵاتەکەی سیستمی مووشەکی و چەک و تەقەمەنی پێشکەوتووتر بۆ ئۆکرانیا دابیندەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجە سەرەکییەکانی رووسیا وردتر بپێکێت.

لە وتارێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەداوە، هەوڵەکانیان خێراترکردون بۆ ناردنی بڕی زیاتری چەک و تەقەمەنی و سیستمی مووشەکی پێشکەوتوو بۆ ئۆکرانیا، تا لە گۆڕەپانی جەنگ سەرکەوتوو بێت و بەهێزتریش بێت لەسەر مێزی دانوستان.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا راشیگەیاندووە، ئۆکرانیا هان نادەین لە دەرەوەی سنوورەکانی هێرش بکات.

بایدن ئاشکراشی کردووە "تا هێرش نەکرێتە سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان، راستەوخۆ بەشداری لەو ململانێیەدا ناکەین، ئێمە بە دوای شەڕی رووسیا و ناتۆدا ناگەڕێین".

ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەمەریکا سیستمی مووشەکی هایمەرز رادەستی ئۆکرانیا دەکەن، کە سیستمێکی پێشکەوتووی ئەمەریکایە و رۆڵی گرنگی دەبێت لە سەرکەوتنی ئۆکرانیا لەم جەنگەدا.