مەرجی پشکنینی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەکانی ئەمەریکا ھەڵدەگیرێت

تەنیا لە یەک حاڵەتەدا بڕیاری گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو دەردەکرێت
فڕۆکەخانە
فڕۆکەخانە

K24 - هەولێر:

چیتر ئەو گەشتیارانەی لەرێگەی ئاسمانییەوە سەردانی ئەمەریکا دەکەن، داوای پشکنینی کۆرۆنایان لێناکرێت.

بەگوێرەی ئەو ھەواڵانەی لە میدیاکانی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە، لە شەوی 12ـی حوزەیرانەوە داوای پشکنینی کۆرۆنا لەو گەشتیارانە ناکرێت کە لەرێگەی گەشتی ئاسمانییەوە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، ئەم بڕیارەش لەلایەن ناوەندی ئەمەریکی بۆ کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لە نەخۆشی دەرکراوە.

بەپێی دوایین بەدواداچوونی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لە نەخۆشی  (CDC)، بڕیاری ئەوە دراوە کە چیتر پێویست بە پشکنینی کۆڤید-19 ناکات و لە ئەگەری سەرھەڵدانی جۆرێکی گۆڕاوی دیکەی ئەو ڤایرۆسە ئەوا بڕیاری گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو دەردەکرێت.

چاوەڕێی دەکرێت ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی زۆر باش لە کەرتی گەشتی ئاسمانی پێشوازیی لێ بکرێت کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2021وە خرابووە بواری جێبەجێکردنەوە.