زە سەن: 20 جەنەراڵی رووسی بەدەستی تیمێکی بیانی دەکوژرێن

"تا کۆتایی جەنگ لە ئۆکرانیا دەمێنینەوە و نابێت بە دیل بگیرێین"
تیمێک لە سەربازانی پێشووی هێزی SASـی بەریتانی
تیمێک لە سەربازانی پێشووی هێزی SASـی بەریتانی

K24 - هەولێر:

تیمێک لە سەربازانی پێشووی هێزی SASـی بەریتانی، 20 جەنەراڵی رووسی لە ئۆکرانیا دەکوژن و دەڵین سوێندی "شەڕکردن تا مردن"ـمان خواردوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "زە سەن"ـی بەریتانی، 12 سەربازی خۆبەخش لە سوپای ئۆکرانیا کە پێشتر لە هێزی "SAS"ـدا بوون، ماوەی شەش هەفتە لە ئۆکرانیا بەرپرسە سەربازیە باڵاکانی کریملنیان بەئامانج گرتووە.

جگە لە بە ئامانجگرتنی جەنەراڵە رووسیەکان، ئەو تیمە باس لەوەش دەکەن، راهێنانی چۆنێتی بۆسە دانانیان بە ژمارەیەك سەربازی ئۆکرانی کردووە و مانگی پێشوو لە بۆسەیەکدا 15 چەکداری بەکرێگیراوی رێکخراوی "واگنەر"ـی رووسیان کوشتووە.

جەنەراڵ، رۆمان کوتوزۆڤ
جەنەراڵ، رۆمان کوتوزۆڤ، هەفتەی رابردوو لە بۆسەیەکدا کوژرا 

سەرچاوەیەک بە وێبسایتی دەیلی ستارزی راگەیاند، ئەو تیمە سەربەخۆن و ئەزموونێکی زۆری سەربازییان هەیە، چەک و تەقەمەنی پێویستیان لەبەردەستە و بەلایەنی کەمەوە دوو لەوان پزیشکی راهێنراوی جەنگین".

تەمەنی سەربازەکان لە نێوان 29 بۆ 62 ساڵان دایە و لە جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستان بەشدارییان کردووە، لە ڕێگەی گروپێکی واتسئەپەوە بۆ فەوجی هێزە تایبەتەکان دامەزراون.

لیوا، ڕۆمان بێردنیکۆڤ لە هەمان بۆسەدا کوژرا
لیوا، ڕۆمان بێردنیکۆڤ لە هەمان بۆسەدا کوژرا

سەرچاوەکە گوتیشی: "ئەوان سوێنی (شەڕکردن تا مردن)ـیان خواردووە و دەڵێن تا کۆتایی جەنگەکە دەمێننەوە، ئەوان دەزانن کە نابێت بە دیل بگیرێن، چونکە بە ئەگەری زۆرەوە ئەشکەنجە دەدرێن، هاوکات وەك بەکرێگیراوی بیانی هەژمار دەکرێن و لە سێدارە دەدرێن".