ئه‌مشه‌و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆده‌بێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی فه‌تح رایگه‌یاند، ئه‌مشه‌و لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆده‌بنه‌وه، به‌مه‌به‌ستی ده‌ركردنی هه‌ڵوێستی خۆیان له‌باره‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی كوتله‌ی سه‌در له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌سه‌دی گوتی: "ئه‌مشه‌و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ نیشاندانی هه‌ڵوێستی خۆیان له‌باره‌ی ده‌ستله‌اكركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در كۆده‌بێته‌وه".
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، گوتی: كۆبوونه‌وه‌كه له ماڵی هومام حه‌مودی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و سه‌ركرده‌ی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی تێیدا به‌شدار ده‌بن.
دوێنێ له نووسراوێكی ده‌ستنووسدا، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در داوای له په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌ی كرد له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش به سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكه‌ن.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌در رووی قسه‌كانی له كوتله‌كه‌ی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد و نووسیبووی: "له‌سه‌ر سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌دری، براكه‌م (حه‌سه‌ن عه‌ذاری) خودا بیپارێزێت، پێویسته ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خوشك و براكانمان له كوتله‌ی سه‌دری پێشكه‌ش به سه‌رۆكی ئه‌جومه‌نی نوێنه‌ران بكات".
له به‌شێكی دیكه‌ی ده‌ستنووسه‌كه‌یدا هاتبوو: "ئه‌وپه‌ڕی سوپاسم بۆیان هه‌یه، بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌و ماوه كورته‌دا پێشكه‌شیانكرد و خودا پاداشتیان بداته‌وه، هه‌روه‌ك سوپاسمان بۆ هاوپه‌یمانه‌كانمان له هاوپه‌یمانی رزگاری نیشتمانی هه‌یه، بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێشكه‌شیانكرد.. لای منه‌وه ئه‌وان ئێسیتا ئازادن و خودا پاداشتیان بداته‌وه".
دووپاتیشیكرده‌وه، "هه‌روه‌ها سوپاسێكی تایبه‌تم بۆ ئامۆزاكه‌مان، به‌ڕێز جه‌عفه‌ر سه‌در هه‌یه، خودا سه‌ركه‌وتنه‌كانی به‌رده‌وام بكات، كه كاندیدی سه‌ربه‌خۆی ئێمه بوو بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران".
هه‌روه‌ها نووسیبووی: "ئه‌م هه‌نگاوه‌م وه‌ك قوربانیدانێكه له‌پێناو نیشتمان و گه‌ل بۆ ئه‌وه‌ی له چاره‌نووسی نادیار رزگاریان ببێت، هه‌روه‌ك پێشتریش له‌پێناو ئازادی عێراق و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی و ئاسایش و یه‌كپارچه‌یی و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی قوربانیمانداوه".
سه‌در له كۆتاییدا نووسیبووی: "یه‌كه‌م جار نیشتمان و گه‌ل، خودایه من ئه‌ستۆپاكی خۆم به‌رامبه‌ر تۆ و گه‌له‌كه‌م نیشاندا.. و سڵاو" هێناوه.
دوای ئه‌و داواكاریه‌ی سه‌دریش، "حه‌سه‌ن عه‌ذاری"، سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌در له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ته‌واوی په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌یانی گه‌یانده به‌رده‌م محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و حه‌لبووسیش ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در دا و واژی له‌سه‌ر یه‌ك به‌یه‌كی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یانی كرد.
دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌ش، له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه لایه‌ن له نووسینگه‌كه‌یه‌وه ده‌ركرا، موقته‌دا سه‌در داخستنى زۆربه‌ی دام و ده‌زگاكانی سه‌ر به ره‌وته‌كه‌ی راگه‌یاند، ته‌نیا ئه‌مانه‌ی خواره‌وه نه‌بن:
یه‌كه‌م: ده‌زگای (مه‌رقه‌د)ـی پیرۆز
دووه‌م: نووسینگه‌ی (ئه‌لشه‌هید)
سێیه‌م: نووسینگه‌ی تایبه‌ت
چواره‌م: ده‌سته‌ی شوێنه‌وار
پێنجه‌م: پڕۆژه‌ی (بونیان مه‌رسووس)
شه‌شه‌م: مۆزه‌خانه‌ی (شه‌هید)
راسته‌وخۆش دوای راگه‌یاندنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نوێنه‌رانی كوتله‌ی سه‌در، له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر، خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌ركرده‌ی كوتله‌ی سیاده‌ی سوننه رایگه‌یاند، "موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیی پێوه‌كردم، منیش هه‌موو رێزێكم بۆ ئه‌و قوربانیدانه نیشاندا، كه ره‌وتی سه‌در له‌پێناو نیشتمان و چاكسازی پرۆسه‌ی سیاسی داویه‌تی".
خه‌میس خه‌نجه‌ر له درێژه‌ی تویته‌كه‌یدا جه‌ختیكرده‌وه: چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵه‌كانی سیسته‌می سیاسی له عێراق گرنگییه‌كی نیشتمانییه و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه له‌سه‌ری هاوڕاین، كه باوه‌ڕیان به نیشتمان هه‌یه و له گفتوگۆكانمان له پێناو ئه‌و ئامانجه به‌رده‌وام ده‌بین.
H.B