پڕۆژەیاسایەک بۆ رێگریکردن لە هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ دەخرێتەڕوو

بە نووسراوی فەرمی مامۆستایانی ئایینی ئاگادار کراونەتەوە
دیمەنێکی کۆنفرانسی راوێژکاری بۆ رێگری کردن لە هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ - فۆتۆ: شەیما بایز
دیمەنێکی کۆنفرانسی راوێژکاری بۆ رێگری کردن لە هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ - فۆتۆ: شەیما بایز

K24 – هەولێر

بە مەبەستی رێگریکردن لە هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ کۆنفرانسێک لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و پڕۆژەیاسایەکیش دەخرێتەڕوو، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر بکەن، بە ئامانجی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی.

ئەمڕۆ سێشەممە 14/6/2022، بە بەشداری شارەزایانی یاسا و مامۆستایانی، لە هەولێر کۆنفرانسێکی راوێژکاری لەبارەی رێگریکردن لە هاوسەریگری خوار تەمەن 18 ساڵ بەڕێوەدەچێت.

ئاودەل ئەنوەر، سەرپەشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەک رێکخراوی لێکۆڵینەوە و سەروەری یاسا پڕۆژەیەکمان هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی کارپێکراو لە هەرێمی کوردستان لەو بڕگانەی کە رێگەی داوە هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ ئەنجام بدرێت، بە رەزامەندی بەخێوکەر و دادوەرەکان".

گوتیشی: "پڕۆژەیاسایەکمان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی ئەو بڕگەیە لە یاسای باری کەسی هەموار بکرێتەوە، هاوسەرگیری لە سەرووی 18 ساڵییەوە بێت، لەو یاسایەدا دیارکراوە لە سەرووی 15 ساڵ بێت، بەو پێیەی ئێمە لە دادگاکان ئیش دەکەین جیابوونەوەی هاوسەران زۆربەیان لە تەمەنی خوار 18 ساڵییەوە هاوسەرگیریان کردووە".

ئاماژەی بەوەشدا: "بۆ ئەو مەبەستە نووسراوێکمان ئاراستەی وەزارەتی داد و ئەنجومەنی دادوەری کردووە، ئەوانیش نووسراوێکیان ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردووە، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە مامۆستایانی ئایینی، پێش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگاکان، مامۆستایانی ئایینی نەیکەن، چونکە کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ ئەو مەرجانەی تێدا نییە هاوسەرگیری بکات، مامۆستایانی ئایینی پێش دادگاکان گرێبەستەکە ئەنجامدەدەن".

باسی لەوەشکرد: "دوای نووسراوەکەی وەزارەتی داد، وەزارەتی ئەوقاف گشتاندنی کردووە و بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی ئەوقافی ناردووە، بۆ ئەوەی هەموو مامۆستایانی ئایینی ئاگادار بکەنەوە، هیچ گرێبەستێکی هاوسەرگیری خوار تەمەن 18 ساڵ پێش دادگاکان ئەنجام نەدەن".

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتووە، لە سەرەتای ساڵی 2021 تا ئێستا 54 هەزار گرێبەست لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە، لە کۆی ئەو گرێبەستانە 12 هەزاریان کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵی بوونە هاوسەرگیریان کردووە، بۆیە ئامانجی ئەو کۆنفرانسە راوێژکاریە ئەوەیە یاسای باری کەسی هەموار بکرێتەوە و ئەو بڕگەیە بگۆڕدرێت کە رێگەی بە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵیداوە هاوسەرگیری بکەن.