وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت سایلۆ لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا دروست بکەن
K24 - ههولێر:
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمهریکا رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا کار بۆ ئەوە دەکەن سایلۆ لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانی دروست بکەن، تاوەکو ئەو بڕە گەنمەی لە وڵاتەکە بەهۆی گەمارۆکانی رووسیا گیریخواردووە، هاوردەی بکەن.
جارێکی دیکە بایدن بەرپرسیارێتی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکانی لە وڵاتەکەی خستە سەر ئەستۆی رووسیا و ئاماژەی بەوەشدا، پلانی دروستکردنی سایلۆی نوێ لەسەر سنووری وڵاتەکە کاتی پێویستە.
سەرۆکی ئەمهریکا ئاماژەی بەوەشدا، بە چڕی لەگەڵ هاوپهیمانه ئەوروپییەکانیان هاوکاری ئۆکرانیا دەکەن تاوەکو بتوانێت 20 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی هەناردە بکات و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکان لە جیهان هەبێت.
بایدن راشیگهیاند، ئەوەی پوتن لەو جەنگە ئەنجامی داوە تەنیا تێکدانی کولتووری ئۆکرانیا و کۆنترۆڵکردن نەبووە، بەڵکو چەندین تاوانی جەنگی ئەنجامداوە و رێگری لە هەناردەکردنی هەزار تۆن دانەوێڵەی وڵاتەکەی کردووە.