نرخی كریستیانۆ رۆناڵدۆ نزمترین ئاستی تۆمار كرد

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد

خۆری کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرەوە ئاوابوونە و ئەم یاریزانە پۆرتوگالیە لەگەڵ هه‌ڵكشانی تەمەنی کە ئێستا گەیشتووەتە 37 ساڵ، نرخ و بەهاکەشی ساڵ بە ساڵ لە بۆرسەی یاریزانان لە دابەزیندایە.

بەپێی پێگەی ترانسفێر مارکیت، تایبەتمەند بە بەهای یاریزانانی تۆپی پێ، لە نوێترین خەمڵاندندا بەهای کریستیانۆ لە بازاڕی گواستنەوەکان لە ٣٥ ملیۆن یۆرۆوە بۆ ٣٠ ملیۆن یۆرۆ دابەزی.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سپۆرتینگ لێسبۆنای پۆرتوگالی دەرکەوت، لە ساڵی ٢٠٠٣ بەرامبەر ١٩ ملیۆن یۆرۆ رووی لە مانچێستەر یونایتد کرد، لە ماوەی ساڵێکدا لەگەڵ ئەم یانە ئینگلیزیە بەهاکەی بۆ ٢٥ ملیۆن یۆرۆ بەرز بووەوە، ساڵ بە ساڵ بەهای ئەم یاریزانە لەبەرزبوونەوە بوو، لە ٢٠٠٧ بەهاکەی بۆ ٣٤ ملیۆن یۆرۆ بەرز بووەوە و دوای ساڵێکی دیکەش لە 2008 بەهای لە بۆرسەی یاریزانان گەیشتە 55 ملیۆن یۆرۆ.

 لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی زیاتری بەهاکەی و ئاستی ئەم یاریزانە مانچێستەر یونایتد سەرکەوتوو بوو لە فرۆشتنی ئەم یاریزانە پۆرتوگالیە بە نرخێکی خەیاڵی و لە ٢٠٠٩ کارگێری شەیتانە سوورەکان كریستیانۆیان بەرامبەر 94 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتە ریال مەدرید و بووە یەکێک لە گرانبەهاترین گرێبەستەکان.

لەگەڵ شاهانەکانیش بەهای رۆناڵدۆ لە بۆرسەی یاریزانان بەردەوام لە بەرزبوونەوە بوو، لە نێوان ٢٠١٢ تاکو ٢٠١٤ بەهاکەی لە بۆرسەی یاریزانان گەیشتە ١٢٠ ملیۆن یۆرۆ.

ئەوکاتە دۆن تەمەنی گەیشتە 33 ساڵ ریال مەدریدی جێهێشت و لە ساڵی 2018 بەرامبەر ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ رووی لە یوڤێنتۆسی ئیتاڵی کرد، کە بە سەرەتای دابەزینی بەهای کریستیانۆ دادەنرێت لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و لە هاوینی 2021 بەهای ئەم یاریزانە لە بۆرسەی یاریزانان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و بەهاکەی بە تەنها ٤٥ ملیۆن یۆرۆ خەملێندرا، لە ماوەی ساڵێکدا بەهای ئەم یاریزانە پازدە ملیۆن یۆرۆی دیکە دابەزی و ئێستا بەهای لە بۆرسەی یاریزانان تەنیا ٣٠ ملیۆن یۆرۆیە.