ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا هەڵکشایەوە

عێراق چووەتە ناو شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنا
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 108 هەزار و 717 کەس
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 108 هەزار و 717 کەس

K24 – هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، جارێکی دیکە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رووی لە هەڵکشان کردووە.

لە چەند مانگی رابردوودا ئاماری 24 کاتژمێری تووشبوون بە کۆرۆنا گەیشتبووە سفر، بەڵام جارێکی دیکە ژمارەکە زیادیکردووە. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 24 کاتژمێر 3 هەزار و 83 پشکنین بۆ هاووڵاتییان کراوە، لە کۆی ئەو ژمارەیە 163 کەس تووشی کۆرۆنا بوونە.

وەک لە ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی دیارکراوە ئاماری تووشبووان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە بووە:.

هەولێر: 61 تووشبوو

سلێمانی: 11 تووشبوو

دهۆک: 91 تووشبوو

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی عێراق، بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی دیکەی کۆرۆنای راگەیاندبوو.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەدابوو، لە رێگەی تیمەکانیانەوە چاودێری دۆخی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دوا پێشهاتەکانیان کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا تێبینی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە پەتاکە و خەواندنی تووشبووان لە نەخۆشخانەکان کراوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێ، عێراق چووەتە نێو شەپۆلێکی دیکەی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا.