ئێران وەڵامی بایدن دەداتەوە

حکومەتی ئەمەریکا لەسەر سیاسەتەکانی ترەمپ بەردەوامە
ناسر کەنعانی- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24   - هەولێر

وەزارەتی دەرەوە ئێران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی ئێستای ئەمەریکا هاوشێوەی کابینەی پێشوو لەسەر سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوامە.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی وتارێکی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوکرابووەوە رایگەیاند "جەختکردنی جۆ بایدن لەسەر بەردەوامبوونی گوشاری ئابووری و دیپلۆماسی لە دژی ئێران، بە پێچەوانەی سیاسەتی راگەیاندراوی ئەمەریکا سەبارەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمییە".

گوتیشی: "ئەم لێدوانانەی بایدن لە درێژەی سیاسەتی شکستخواردووی زۆرترین گوشاری کابینەکەی ترەمپ لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، حکومەتی ئێستای ئەمەریکا بە پێچەوانەی درووشمەکانی سەبارەت بە ویستی گەڕانەوە بۆ ناو رێککەوتننامەی ئەتۆمی و قەرەبوو کردنەوەی هەڵەی حکومەتی پێشوو، بە بەردەوامبوونی گەمارۆکان و گوشارە ئابوورییەکان، بە کردەوە لەسەر هەمان سیاسەتی پێشوو بەردەوامە".