هه‌نگاریا باری له‌ناكاوی له بواری وزه راگه‌یاند
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی هه‌نگاریا باری له ناكاوی له بواری وزه‌دا راگه‌یاند. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی قه‌یرانی سووته‌مه‌نی و غاز رووی له ئه‌وروپا كردووه.
سه‌رۆكی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌نگاریا، گیرگی گوییاش رایگه‌یاند، حكومه‌ت باری له‌ناكاوی راگه‌یاند.
وتیشی: له پێناو پارێزگاری كردن له خێزانه هه‌نگارییه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی سووته‌مه‌نی بۆیان، وه‌ك زۆرێك له وڵاتانی دیكه، بۆ بواری وزه باری له‌ناكاومان راگه‌یاندووه.
وتیشی: له‌م رۆژانه‌ی دواییدا ئاماژه‌كانی له‌ده‌ستدانی غاز له ئه‌وروپا به روونی ده‌ركه‌وتوون، به تایبه‌تی بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كان له پایز و زستانی داهاتوودا.
پێشتر هه‌نگاریا داوای له یه‌كێتی ئه‌وروپا كردبوو، له بری سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر رووسیادا بیر له‌وه بكه‌نه‌وه، شه‌ڕی ئۆكرانیا بوه‌ستێت و هه‌ردوولا ده‌ست به گفتوگۆ بكه‌ن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، راوێژكاری سه‌رۆكی هه‌نگاریا، بالاج ئوربان، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند، تا سزاكانی سه‌ر رووسیا زیاتر بكرێن، زیانی زۆرتر به یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌گات، له كۆتاییدا لایه‌نی دۆڕاوی شه‌ڕه‌كه هه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌بێت.