ئێران وەڵامی ئەمەریکای دایەوە

جۆو بایدن لە سەردانیدا بۆ ئیسرائیل و سعودیە، دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا پابەندە بەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەک و هیچ کات، دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات.
سعودیە..رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئەمەریکا
سعودیە..رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئەمەریکا

K24 -

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەخنەی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرت و دووپاتی کردەوە "ئێران لە چوارچێوەی یاسا نێوەدەوڵەتییەکاندا" کار دەکات.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە قسەکانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە ئیسرائیل و سعودیە، پەیڕەوکردنی سیاسەتی "ترسان لە ئێران"ـە و ئەمەش لە پێناو "نانەوەی ئاژاوە و قەیران لە ناوچەکەدا" دەکات.

کەنعانی بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی گوتووە: قسەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بێبنەمان. سیاسەتی درێژخایەنی ئێران، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئاشتیخوازانەی ئەتۆمییە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا.

بەرنامەی ناووکی ئێران، یەک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەیە. جۆو بایدن لە سەردانیدا بۆ ئیسرائیل و سعودیە، دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا پابەندە بەوەی ئێران بە هیچ شێوەیەک و هیچ کات، دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات.

بایدن رۆژی شەممە، رایگەیاندبوو کە ئەمەریکا بەردەوامە بۆ ئەوەی لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چالاکییە ناووکییەکانی ئێران سنووردار بکرێ.

هەر لەو رۆژەدا، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش، دووپاتی لە پابەندبوون بە درێژەدانی گفتوگۆکان لەپێناو هەڵگرتنی ئابڵۆقەکانی سەر وڵاتەکەی، کردەوە.

دانووستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ناسراو بە "بەرجام"، لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بە تەواوی وەستاوە و دانووستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمەریکا لە قەتەریش، هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، رۆژی شەممە لە کۆبوونەوەی جەددە کە سەرۆکی وڵاتانی کەنداو، عێراق، ئوردن و میسر تێیدا بەشدار بوون، رایگەند کە واشنتن لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ناوچەییەکان ئێران، درێژە بە هاوکاریی نزیکی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەدات.

ئەمەریکا و سعودیە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، داوایان لە ئێران کرد کۆتایی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان، پشتگیری لە تیرۆر لە رێگەی گرووپە پاشکۆیەکانی و ئاژاوەنانەوە، بهێنێت.

ناسر کەنعانی لەوبارەیەوە دەڵێ: کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە گفتوگۆ لەگەڵ دراوسێ و دەستپێشخەرییەکان دەکات.