پوتن: توانای هەناردەکردنمان 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵەیە و تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێتە 50 ملیۆن تۆن

"یارمەتی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەدەین، بەڵام پێویستە هەموو سنووردارکردنەکانی دابینکردنی دانەوێڵەی رووسیا هەڵبگیرێن"
رووسیا به‌ مه‌رج ئاماده‌ی ئاسانكارییه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا
رووسیا به‌ مه‌رج ئاماده‌ی ئاسانكارییه‌ بۆ هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا

K24 - هه‌ولێر:

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەگەر سنووردارکردنی دانەوێڵەی رووسیا هەڵبگیرێت؛ ئامادەن تا کۆتایی ئەمساڵ 50 ملیۆن تۆن دانەوێڵە هەناردە بکەن.

دوای کۆبوونەوەی لوتکەی سێقۆڵی گرووپی ئاستانا لە ئێران، پوتن لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسانی رووسیا دا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا هەوڵی زۆریان داوه‌ لەسەر دەرهێنانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە بەندەرەکان رێبكه‌ون.

پوتن جەختی لەوە کردەوە، لە سەرەتاوە ئەم بابەتەیان خستووه‌تە ناو پاکێجێکەوە و گوتی: "ئێمە یارمەتیی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەدەین، بەڵام پێویستە هەموو سنووردارکردنەکانی دابینکردنی دانەوێڵەی رووسیا هەڵبگیرێن. تا ئێستا هیچ ناڕەزایەتییەک لە کەس وەرنەگیراوە. با بزانین دەگەین بە چ ئەنجامێک".

سەرۆکی رووسیا، بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی ئەمه‌ریکا سنوورەکانی لەسەر پەینی رووسیا هەڵگرتووە، گوتی: "هیوادارم ئەگەر دەیانەوێت دۆخەکە باشتر بکەین، هەمان شت سەبارەت هەناردەی دانەوێڵەی رووسیا رووبدات. ئێستا ئامادەین. توانای هەناردەکردنمان 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵەیە، تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێتە 50 ملیۆن تۆن".