رووسیا دەیەوێت ئێران پەلکێشی شەڕی ئۆکرانیا بکات

پوتن سوورە لەسەر کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران
ڤلادیمێر پوتن، عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی
ڤلادیمێر پوتن، عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی

K24 - هەولێر

کۆبوونەوەی لوتکەی تاران کۆتایی پێهات و وەک لە میدیاکاندا باس دەکرێ، دۆخی سووریا گرنگترین تەوەری گفتوگۆکانی ئەو لوتکەیە بووە. هەڵبەت ئەمە رووکەشی گفتوگۆکانە و پرسەکانی پشتی پەردە و لەوانە هەوڵی رووسیا بۆ پەلکێشردنی ئێران بۆ شەری ئۆکرانیا، کەمتر باسی لێوە دەکرێت.

رۆژی 19ی حوزەیران، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، ئیبراهیم رئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، لە شاری تاران کۆبوونەوە، بە پێی راگەیەندراوە 16 خاڵییەکەی کۆتایی ئەو لوتکەیە، پرسی سووریا، گرنگترین تەوەری گفتوگۆکان بووە.

بە پێی راگەیەندراوەکە، سێ سەرۆکەکە دووپاتیان لە "یەکپارچەیی خاکی سووریا" و دژایەتیان بۆ خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە.

کۆبوونەوەی تاران بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا و بەشداریکردنی پوتن، چاوی زۆربەی ناوەندە سیاسییەکان و وڵاتانی لەسەر بوو.

ئەو کۆبوونەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ ورووژاندنی پرسێکی گەرم، ئەویش کڕینی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەلایەن حکومەتی رووسیا و بەکارهینانی لە شەڕی ئۆکرانیادا بووه‌.

ئێرانییەکان سەریان سووڕماوە

بڵاوبوونەوەی هەواڵی کڕینی فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئێرانی لەلایەن رووسیاوە، زۆر بەخێرایی لە ناو سۆسیال میدیادا دەستاودەستی پێکرا، تاکی ئێرانی سەریان لەو داوایەی مۆسکۆ سووڕمابوو و دەیانپرسی: "رووسیا خۆی خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازیی جیهان و چەکی ئەتۆمی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە، چۆن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران دەکڕێت؟ بڵێی خۆی توانای دروستکردنی ئەو جۆرە فڕۆکانەی نەبێت؟

ئەفشار سولەیمانی. کە پێشتر بەرپرسی دووەمی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئۆکرانیا بووە، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و بە تەواوی مەبەستی سەردانەکەی ئەمدواییەی ڤلادیمێر پوتن بۆ تاران روون دەکاتەوە.

سولەیمانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرق"ـی ئێرانی، پێیوایە ڤلادیمێر پوتن بە هەر شێوەیەک بێت، دەیەوێت ئەو فڕۆکانە لە ئێران بکڕێت و تەنیا مەبەستیشی "پەلکێشکردنی ئێرانە بۆ ناو شەڕی ئۆکرانیا".

ئەو باس لە بەرژەوەندییەکانی کۆشکی کرملین لەو هەوڵە دەکات و دەڵێت: رووسیا بەو کارەی دەیەوێت گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی لەسەر خۆی کەم بکاتەوە. مۆسکۆ بە هۆی شەڕی ئۆکرانیاوە گوشاری زۆری لەسەرە و بەو کارەی دەیەوێت دۆست بۆ خۆی ببینێتەوە. هەر بۆیەش بەنیازە ئێرانیش تووشی ئەو شەڕە بکات.

سەرۆکی رووسیا لە سەردانیدا بۆ تاران، لەگەڵ عەلی خامنەیی رێبەری ئێران کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا خامنەیی سەبارەت بە هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا رایگەیاندبوو، کە "ئەگەر رووسیا هێرشی نەکردبا، هێرشیان دەکردەسەر".

ئامانجی دووەمی کرملین: شکستی دانوستانی ئەتۆمی

هەفتەیەک پێش لە سەردانەکەی سەرۆکی رووسیا بۆ ئێران، جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەردانێکی چوارڕۆژەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

بایدن سەردانی ئیسرائیل و فەلەستینی کرد و لە جەددەی سعودیه‌، لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی هاریکاری کەنداو بەشداربوو. لەو تەواوی دیدارەکاندا، دووپات لەوە کراوە، کە نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی و پێویستە هاوکاری سەقامگیرکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.

ئەو داوایانە لە کاتێکدایە، کە گفتوگۆکانی ناڕاستەوخۆی تاران و واشنتن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە و وەک دیپلۆماتە ئێرانییەكە دەڵێت: ئەمەش بە دڵی رووسیایە.

بەرپرسەکەی پێشووی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئۆکرانیا، پێیوایە ئەمە "یەک لە خواستە گرنگەکانی رووسیایە".

ئەفشار سولەیمانی بە "شەرق" گوتووه‌: ئەگەر رووسیا بتوانێت ئێران پەلکێشی شەڕی رووسیا بکات، پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی ئێران لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریکا دەپچڕێت و ئەمەش بێگومان کاریگەری لەسەر زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی دەبێت.

رووسیا دەیەوێت بە تیرێک چەند نیشانەیەک بشکێنێت، هەر بۆیە لە رێگەی کۆمپانیای گازپرۆم، ئامادەیی خۆی نیشان دا بە بری 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی ئێراندا بکات.

کرملین چاوی لە نەوت و گازی ئێران بڕیوە بۆ ئەوەی وەک کارتی گوشار بەرامبەر بە وڵاتانی ئەوروپی بەکاری بێنێت.

ئەفشار سولەیمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، مۆسکۆ بڕیاری داوە هەناردەی گازی خۆی بۆ ئەوروپا بوەستێنێت. ئەمساڵ ئەوروپییەکان زستانێکی ساردیان لەپێشە. هەر بۆیەش رووسیا دەیەوێت پرسی وزەی ئێران پەراوێز بخات، بۆ ئەوەی لە ئەگەری زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمیشدا، هەناردەی ئەوروپا نەکرێت".