وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: 6 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی حکومەت

"کارێکی دیکە وەزارەتمان پرۆژەی هێڵی ئاسنینە کە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیا کاری لەسەر کراوە"

K24 – هه‌ولێر:

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا باسی لە گرنگترین ئەو پڕۆژانە کرد کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا جێبەجێکراون.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن

هاووڵاتیانی بەڕێزی کوردستان، خزمەتکارتان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، سەرپەرشتی بواری گواستنەوە و گواستنەوەی گشتی دەکەین لە کوردستان، هەروەها بواری گەیاندن، هەروەها گەیاندن بۆ تۆڕەکانی ئەنتەرنێت، مۆبایل بە بێ تەل و بە بەتەلەوە، بواری فڕۆکەخانەکان و بواری كەشناسی.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، پڕۆژەی کارتی زانیاری، لێدانی لەزگە و لۆگۆی ئۆتۆمبێلی تەکسی جێبەجێکرا، کە لە ئێستادا نزیکەی %75 لە هەولێری پایتەخت، %70 لە دهۆک و %38 لە سلێمانی ئەم پرۆژەیە جێبەجێکراوە، دوای ئەنجامدانی باگراوند چێکێکی ئەمنی لە پێناو دڵنیابوون لە ئاسایشی هاووڵاتیان، وە لە چوارچێوەی دانانی کاری شۆفێری تەکسی لە بواری پیشەیی و ئەمنی.

کارێکی دیکەی گرنگی وەزارەتمان ئه‌وه‌یه‌، توانیمان خزمەتی ئەنتەرنێت خێراتر بکەین بەڕێژەی %100 لە 1ی حوزەیرانی 2020 و نرخەکەی هەرزانتر بوو بە ڕێژەی %20، لەلایەن %70ی کۆمپانیاکانی کاربەڕێکەری ئەنتەرنێت لە کوردستان.

هەروەها هەر لەم بوارەدا ژێرخان دانرا بۆ دەستپێکردن بە خزمەتگوزاری 5G و پێکەشکردنی بە هاووڵاتییان، لە کۆتایی ساڵی 2022، و لە کاتی ئێستادا دوو کۆمپانیا لە قۆناغی تێستادا تەواوبوون و ویەکێکی دیکەشیان بەم چەند مانگەی دادێت دەست پێ دەکات بە کارەکانی خۆی و لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار هاووڵاتیانی سەربەزی کوردستان تۆڕی ئەنتەرنێت بە 5G وە بەکار دەهێنن.

وە هەروەها پاکێجی خێزانی بۆهاووڵاتییان پێشکەشکرا، کە لە رێگای ئەم پاکێجە هاووڵاتیان دەتوانن دڵنیابن منداڵەکانیان سه‌یری ماڵپەڕی ناشایستە و دوور لە ئەخلاقی بەرزی کۆمەڵایەتی کوردستان نەکەن، هەروەها لە رێگەی پرۆژەی کێبڵی تیشكی ئینتەرنێیتی خێرا ڤایبەر ئۆپتیک گەڕێنراوەتەوە، نەک تەنیا شارەکان بەڵگو گەڕێنراوەتەوە گوندەکان و گوندە سنورییەکانی کوردستان، هەروەها گەیاندنی ئینتەرنێت بە کێبڵی تیشکی بۆ دامودەزگاکانی حکومەت بەشێوەیەکی خێراتر و هەرزانتر رێکخرا.

هەروەها کارێکی دیکەی گرنگ لە کابینەی نۆیەم دا کە لە رووی یاسایی لە وەزارەتمان جێبەجێکرا و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، ئەمەیە کە رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی گەیاندن و دانی کۆمپانیای سەرپێچیکار بە دادگا و گەڕاندنەوەی شایستەی دارایی بۆ خەزێنەی حکومەت، هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی کە پابەند نین بەیاسا و ئەم کارە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 31 کۆمپانیا دراونەتە دادگا و 13 کۆمپانیا پابەندی شایستەی دارایی بوون و 7 کۆمپانیا داوای یاسایی لە بەرژەوەندی وەزارەت کۆتایی پێهاتووە و 11 کۆمپانیاش هەڵوەشاوەتەوە و بەهۆی پابەندنەبوونیان بەو هۆیەوە زیاتر لە 6 ملیار دینار گەڕێندراوەوتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، مانگانە بە سەدان ملیۆن دینار لە خەرجی کەمکراوەتەوە.

سەرپەرشتیکردنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان ئەرکێکی دیکەی وەزارەتمانە و لە دوای هەموارکردنی گرێبەستەکانی فڕۆکەخانەکان بە ملیۆنەها دۆلار گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی حکومەت و پرۆژەی نوێ وەک دەستپێکردن بە رێکارەکانی ئیداری و یاسایی بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دهۆک و دروستکردنی مەدرەجی نوێ بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، و هەروەها لە دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی گرێبەستەکەی تەکسی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی هەولێر، بەم نزیکانە نرخی گواستنەوەی تەکسی بۆ فڕۆکەخانەکان هەموار دەکرێت، بەپێی یاسا و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، هەروەها چەندین پرۆژەی دیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ئامادەکاریدان و کاری چڕیان لەسەر دەکرێت.

کارێکی دیکە وەزارەتمان پرۆژەی هێڵی ئاسنینە، کە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیا کاری لەسەر کراوە و گەیشتووە بە قۆناغی کۆتایی، رەشنووسی رێکەوتنێک بۆ ئەنجامدانی هێڵی ئاسنین لە بەندەری فاو بۆ کوردستان و دواتر لە کوردستانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، کە دەروازەیەکی گرنگە بەرەو جیهان وەهەروەها لەگەڵ کۆمپانیای تێمبرۆکی بەریتانی لە قۆناغی کۆتایی گفتوگۆداین لەبارەی پرۆژەی هێڵی ئاسنین، و هەروەها چەندین کاری دیکە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.

هەروەها لە پرۆژەی سیتی پاس کە پرۆژەیەکی گرنگی وەزارەتمانە لە بواری رێکخستنی گواستنەوەی گشتی لەنێو شارەکان، کاری لەسەر کراوە و دیزاین و تەندەری تەواو کراوە و ئامادەکاریکراوە بۆ وەبەرهێنان کە پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری گشتی گرنگه‌ بۆ هاووڵاتییان، کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی لەنێو شارەکان و هەروەها هۆیەکی سەرەکی دەبێت به پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی، کە زیان بە ژینگە دەگەیێنێت.

لە بواری کەشناسیدا کە ئەرکێکی دیکەی وەزارەتمانە تا ساڵی 2003 تەنیا 6 وێستگەی کەشناسی کلاسیک لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەم  34 وێستگە هەیە، کە 27 ئۆتۆماتیکن لەگەڵ 10 ئامێری پێوانەی باران و 9 وێستگەی پێوانی بوومەلەرزە، کە هەموو رۆژێک پێشبینی 48 کاتژمێری داهاتوو کەشناسی و بومەلەرزە دەکرێت و پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێت.

دەستی ماندووبوونی هاوکارانی بەڕێزم فەرمانبەرانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەگوشم، بەبێ ماندووبوونی ئێوەی دڵسۆز و ئێوەی ماندوونەناس، هیچ یەکێک لەو کارانە نەدەهاتە دی، لە ساڵیادی سێیەمی کابینەکە ئەوە دووپات دەکەمەوە کە خزمەتکاری هەمووتانم، تاوەکو پێکەوە هەموومان باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی سەربەزی کوردستان پێشکەش بکەین.