د.ڤالا فەرید: لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەم وەڵامی 783 پرسیاری پەرلەمانمان داوەتەوە

"25 پڕۆژە یاسامان ئاراستەى پەرلەمانى کوردستان کردووە، 10 پڕۆژە یاساى دیکەش كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت"
د. ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان
د. ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان

K24 - هه‌ولێر:

د. ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتەیەک پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند، 25 پڕۆژە یاسامان ئاراستەى پەرلەمانى کوردستان کردووە، 10 پڕۆژە یاساى دیکەش كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.

د. ڤالا فەرید گوتی: وەکو وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئەرکمان بریتییە لە پارێزگاریکردن لە هاوسەنگی و هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمان و لە نێوان حکومەت. بەشداریکردنی حکومەت لە ئەرکی پەرلەمان لە هەر دوو پرۆسەی یاسادانان و چاودێریکردن بەردوام بووە.

گوتیشی: لەماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم لە پرۆسەی یاسادان 25 پرۆژە یاسامان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کە پرۆژەکان گرنگییەکی زۆریان لەسەر ئاستی رێکخستنی کاری وەزارەتەکان هەیە. جۆری دووەمی پرۆژەکان کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانمان كردووه‌، پەیوەستە بە خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان روونیكرده‌وه‌، گرنگترین ئەو پرۆژە یاسایانەی پێشكه‌شی په‌رله‌مان كراوه‌، پڕۆژەیاساى پەروەردە بووە، کە پەیوەستە بە پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ پرۆژە یاسای چەک، ئه‌ویش پەیوەست بووە بە نەهێشتنی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت و دانانی توندترین سزا بۆ ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو تاوانانەی روودەدەن.

روونیشكرده‌وه‌، یەکێکی دیكه‌ لەو یاسایانەی گرنگی خۆی هەیە لە سەر ئاستی تەندروستی، بریتییە لە یاسای نەهێشتنى مادەى هۆشبەر و پرۆژە یاسای چاکسازى و لە بواری دارایی، کە بەشی زۆری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ كراوە.

د. ڤالا فەرید ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بەخۆشحاڵییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر سێ مانگ جارێک راپۆرتی خۆی لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە و تێیدا دیاری کردووە، چ کارێکی ئەنجام داوە لەسەر بواری چاکسازی و چەند خاڵ و ماددەی لەناو یاساکەدا هاتوون، جێبەجێ کراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سێیەم جۆری ئه‌و یاسایه‌ی پێشکەشمان کردووە، بریتییە لە ماف و ئەرکى هاونیشتمان، بۆ نمونە پڕۆژەیاساى کار، پەیوەستە بە ماف و ئەرکی کرێکارانی تێیدا دیاری کراوە، ماف و ئەرکەکانیان پارێزراو دەبێت، هەروەها پرۆژە یاسای ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەخۆشحاڵییەوە پەرلەمانی کوردستان ئەو پرۆژە یاسایەشی دەرچوواندووە.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان باسی له‌وه‌ كرد، كاری کۆمپانیا ئەمنییەکان رێكخراوه‌ته‌وه‌، کە ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ش پەیوەندیدارە بە رێکخستی کاری ئەمنی، گرنگیی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە، ئەویشیان بەخۆشحاڵییەوە چووەتە بواری جێبەجێكردن. یاساى دەستەى متمانەبەخشین بە دامەزراوە و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا ئەویشیان یەکێکە لە پرۆژە یاسا هەرە گرنگەکان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستانی کرد.

باسی له‌وه‌ش كرد، ئەرکی دووەمی پەرلەمان بریتییە لە چاودێری کردن، بەشداری کردنی حکومەت لە سێ ساڵى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چاودێری کردندا بەشێوەیەکی زۆر کارا چالاک بووە، پەرلەمانتارە بەڕێزەکان مافى چاودێریکردنى حکومه‌تیان هەیە.

د. ڤالا فەرید ئاشكرایكرد، نزیکەى هەزار و 201 پرسیاریان ئاراستەى حکومەت کردووە و ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە هەموومان پرسیارەکانمان ئاراستەی وەزیرەکان کردووە، بۆمان دیاری کردوون، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانی کوردستان پێویستە لە ماوەیەکی دیاری کراودا وەڵامی پرسیارەکان بدرێنەوە و بەخۆشحاڵییەوە تا ئێستا  783 پرسیارمان وەڵام دراوەتەوە و وەڵامەکانمان بۆ پەرلەمانی کوردستان ناردووەتەوە، لە ئێستا سەرقاڵى ناردنەوەی وەڵامەکانى دیكه‌ین، کە لەلایەن وەزیرە بەڕێزەکانەوە وەڵام دەدرێتەوە.

راشیگه‌یاند، حکومەت بەردەوام لە رێگەى وەزیرەکانەوە بەشدارى لە دانیشتنە تایبەتەکانى پەرلەمانى کوردستان کردووە، کە تەرخان کرابوون بۆ گفتوگۆى کراوە لەسەر بابەتە دیاریکراوەکان لە لایەن پەرلەمانەوە.

ئاشكراشیكرد، ئێمە وەک وەزارەتى هەرێم بۆ کاروبارى پەرلەمان جگە لەو 25 پڕۆژە یاسایەى ئاراستەى پەرلەمانى کوردستانمان کردووە، ئێستا نزیکەى 10 پڕۆژە یاساى دیکەشمان ئاراستەى سکرتاریەتى ئەنجومەنى وەزیران کردووە، بەمەبەستى پەسەندکردنى لە نزیکترین کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران و ناردنى بۆ پەرلەمانى کوردستان، کە لە بەرژەوەندى هاونیشتمانیانى خۆشەویستدان.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، هەر لەم سێ ساڵەى ڕابردوو، وەک وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پەرلەمان، زیاتر لە 47 جار راستەوخۆ بەشدارى دانیشتنە فەرمییەکانى پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانى پەرلەمانمان کردووە، کە پەیوەست بووە بە هەردوو پڕۆسەى یاسادانان و چاودێریکردن.