بەشێک لە براندەکان رووسیا جێدەهێڵن

نرخی هەندێک پێداویستی و کەلوپەل بەرزبووەتەوە
ئەلێکسێی مارتینۆڤ، سەرۆکی پەیمانگەی دەوڵەتە نوێیەکان لە مۆسکۆ
ئەلێکسێی مارتینۆڤ، سەرۆکی پەیمانگەی دەوڵەتە نوێیەکان لە مۆسکۆ

K24 - مۆسکۆ

بەھۆی سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، هەندێک براندی بیانی رووسیایان بەجێهێشتووە. هەندێکی دیکەش ناو یان خاوەنەکانیان گۆڕیوە، بەهۆی ئەو دۆخەی لە رووسیا هاتووەتە ئاراوە، نرخی بەشێکی کەلوپەل و پێداویستیییەکانی بەرز کردووەتەوە و رەوشی ئابووری تاکیشی دژوارتر کردووە.

ئەلێکسێی مارتینۆڤ، سەرۆکی پەیمانگەی دەوڵەتە نوێیەکان لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئابووری وڵاتەکە تائێستا زیانێکی ئەوتۆی بەرنەکەوتووە، ئەو کاڵا و کۆمپانیایانەی بازاڕەکە جێدێڵن بە کاڵاو کۆمپانیای بازاڕەکانی تر شوێنیان پڕدەبێتەوە، هاوکات کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش جارێ بازەڕەکەیان چۆڵنەکردووە و بەردەوامن لە کارو وەبەرهێنان، هاوکات پیشەسازی سوک و جلوبەرگ بە کاڵای ناوخۆیی لە %95 شوێنی دەگیرێتەوە، بۆیە جارێ مەترسی گەورە رووبەڕی بەکاربەری رووس نەبووەتەوە، بێگومان ئێستا کێشەی گەورە هەیە لە بواری لۆجستیدا، بەڵام ئەوانەش چارەسەریان بۆ دەبینرێتەوە".

بەگوێرەی راپرسیەکی دەزگای لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی رووسیا، لە %70 هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لەنێوان کاڵای بیانی و ناوخۆیی، کە هەمان نرخیان هەیە، بەرهەمی نیشتمانی هەڵدەبژێرن، شارەزایان پێیان وایە ئەم رەوشە نوێیە بە بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر و ئابووری بەهێزتر دەکات.

چوونە دەرەوەی براندە بیانیەکان لە رووسیا، نرخی بەشێکی پێداویستیییەکانی بەرز کردووەتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری تاک دروستکردووە، بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەم رەوشەی هاتووەتە ئاراوە دەرفەت دەرەخسێنێت، بۆ گەشەی بەرهەمی پیشەسازی و بازرگانی ناوخۆیی و بوژانەوەی ئابووری نیشتمانی.