عێراق: مانگی رابردوو زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردەکردووە
K24 - سلێمانی
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردە و داهاتی مانگی رابردووی نەوتی بڵاوکردوە و رایدەگەیەنێت: زیاتر لە 11 ملیار دۆلاریان دەستکەوتووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق( سۆمۆ)، مانگی حوزەیران، 101 ملیۆن و 191 هەزار و 236 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە 97 ملیۆن و 980 هەزار و 589 بەرمیلی لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە، هەروەها دوو ملیۆن و 910 هەزار و 887 بەرمیل نەوتیش لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەکراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند، نرخی هەر بەمیلێک نەوت بە 112 دۆلار و 2 سەنت فرۆشراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، 35 کۆمپانیای جیهانی، لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرە و خور لەسەر کەنداو و جەیهانی تورکیاوە، نەوتی عێراقیان بارکردووە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، عێراق مانگانە بڕێکی زۆر داهاتی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستدەکەوێت مانگی ئایاریش بە هەمانشێوە مانگی حوزەیران داهاتی فرۆشتنی نەوت زیاتر لە 11 ملیار دۆلار هەبووە.