لە سلێمانی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە

"نەخۆشخانەکە لەلایەن ئەڵمانیاوە دروستکراوە"
نه‌خۆشانه‌ی ئه‌ڵمانی بۆ تووشبووانی كۆرۆنا له‌ سلێمانی.. فۆتۆ: دانا حه‌مه‌ غه‌ریب
نه‌خۆشانه‌ی ئه‌ڵمانی بۆ تووشبووانی كۆرۆنا له‌ سلێمانی.. فۆتۆ: دانا حه‌مه‌ غه‌ریب

K24- سلێمانی

لە سلێمانی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە، کە 30 قەرەوێڵەی تایبەتە بە چاودێری ورد و خەرجی درووستکردنەکەی ئەڵمانیا دابینکردووە.

لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە، کە خەرجییەکەی لە چوارچێوەی ئەو 24 ملیۆن یۆرۆیەدا بووە، کە ئەڵمانیا بۆ درووستکردنی چەند نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی، بەغدا، موسڵ و بەسرا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا دابینیکردووە.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەڵمانیای کرد و رایگەیاند، هەڵدەدەن پێداویستییە مرۆییەکانی نەخۆشخانەکە دابینبکەن و سوودی لێببینن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.

کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە لە کاتێکدایە، ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و وەزیری تەندروستیش دەڵێت "شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و پێویستە هاووڵاتیان پابەندی خۆپارێزییەکان ببن".

هەروەها، سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرت گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، نەخۆشخانەکە ئاستێکی بەرزی هەیە و بەشەکانی، چاودێری ورد، تاقیگە، قاوش، سۆنەر، تیشک و ستی سکان لەخۆدەگرێت.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرناوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، نزیکەی 460 هەزار هاووڵاتی تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە حەوت هەزار و 400 کەسیان، بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.