ئەیمەن زەواهیری کێ بوو؟

K24 – هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رایگەیاند کە ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی رێکخراوی قاعیدە، لە هێرشی فرۆکەی بێفرۆکەوان لە شاری کابولی ئەفغانستان، کوژراوە.

دوای ئەوەی لە ئایاری 2011 ئوسامە بن لادن، دامەزرێنەر و رێبەری قاعیدە کوژرا، زەواهیری بوو بە رێبەری ئەو رێکخراوەیە.

زەواهیری، وەک پلاندانەری سەرەکیی قاعیدە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئوسامە بن لادن و هێرشی 11ی سیبتامبەری ئەمەریکا دەناسرێت.

بە هۆی رۆڵی گرنگی زەواهیری لە رێبەرایەتیکردنی قاعیدەدا، ئەمەریکا خەڵاتێکی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ گرتنی ئەو دیاری کرد.

پزیشک و جەنگاوەری میسری

ئەیمەن زەواهیری، رێکەوتی 19ی حوزەیرانی 1951 لە ناو بنەماڵەیەکی ناودار، لە شاری قاهیرەی میسر لەدایکبوو.

باپیری زەواهیری، مامۆستای زانکۆی ئیسلامیی ئەزهەر و باوکیشی دەرمانساز و مامۆستای زانکۆی قاهیرە بوو.

ئەو لە سەردەمی گەنجێتیدا، بە هۆی چوونە ناو ریزەکانی ئیخوان موسلمین، زیندانی کرا. دواتر درێژەی بە خوێندنی دا و بوو بە پزیشکی پسپۆڕی چاو و لە قاهیرە نۆرینگەی دانا.

زەواهیری لە ساڵی 1973 بە یاوەری هاوبیرانی، گرووپی "جیهادی ئیسلامی' لە میسر دامەزراند.

گرووپی جیهای ئیسلامی، بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی ئەنوەر سادات سەرۆک کۆماری ئەو کاتی میسر تۆمەتبار کرا، هەر بۆیە ساڵی 1981 زەواهیری و سەدان کەسی دیکە زیندانی کران.

ئەو، دوای سێ ساڵ ئازاد کرا و دواتر چوو بۆ سعودیا و لەوێشەوە بۆ یارمەتیدانی موجاهیدینی ئەفغانی و عەرەبەکان، سەردانی پیشاوەری پاکستانی کرد.

زەواهیری لە ساڵی 1993 وەک رێبەری گرووپی جیهادی ئیسلامیی میسر هەڵبژێردرا و شەڕێکی خوێناوی دژ بە حکومەتی میسر دەستپێکرد.

ئەیمەن زەواهیری و ئوسامە بن لادن
ئەیمەن زەواهیری و ئوسامە بن لادن

ئەمەریکا لە ساڵی 1997 زەواهیری وەک بکوژی زۆربەی گەشتیارە رۆژئاواییەکان لە میسر، ناساند.

دوو ساڵ دواتر و لە دادگایەکی سەربازیدا و بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سزای مەرگ بۆ زەواهیری دەرچوو.

زەواهیری لەو ساڵەندا بە ناسنامەی ساختە، سەردانی وڵاتانی سویسرا، رووسیا، بولگاریا، عێراق، ئێران و دانیمارکی کردووە.

ساڵی 1996 بە هۆی نەبوونی ڤیزە، بۆ ماوەی شەش مانگ لە چیچان دەستگیر کرا.  

هاوپەیمانی لەگەڵ بن لادن

زەواهیری ساڵی 1997 چووە جەلالئابادی ئەفغانستان، لەوێ چاوی بە بن لادن کەوت بۆ "جیهاد دژی جوو و خاچپەرەستان"، هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهێنا.

ئەو، بوو بە دەستی راستی بن لادن و لە بڕیارە گرنگەکانی ئەو گرووپەدا، بەشدار بووە.

ئەو هاوپەیمانێتییە بە تەقینەوە لە باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە کینیا و تانزانیا دەستیپێکرد. لەو کردەوە تیررۆیستییانەدا، 223 کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەمەریکا بە گوێگرتن لە گفتوگۆکانی نێوان زەواهیری و بن لادن، بۆی دەرکەوت کە قاعیدە بەرپرسیاری ئەو هێرشانەیە و هەر بۆیە دوو هەفتە دواتر، هێرشی مووشەکی بۆ سەر پێگەکانی قاعیدە لە ئەفغانستان دەستپێکرد.  

زەواهیری لە هێرشی 11ی سیبتامبەری 2001 دەستی هەبووە، هەر بۆیە پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا خەڵاتی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ گرتنی ئەو دیاریکرد.

دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان و نەمانی حکومەتی تالیبان، زەواهیری و بن لادن بۆ شوێنە ئەستەم و دووردەستەکان رایانکرد.

زەواهیری دوای کوژرانی بن لادن، بوو بە رێبەری رێکخراوی قاعیدە.

ئەو، لەو ساڵانەدا لە ناو حەشارگەکانەوە چالاکی دەکرد، بەڵام لەگەڵ چالاکبوونی هەندێ گرووپی جیهادی لە سەرانسەری جیهان و دەرکەوتنی داعش، رۆڵ و هەژموونی کەمبووەوە.

دوای نەمانی حکومەتی ئەفغانستان و بەدەستەوەگرتنی دەستەڵات لەلایەن تالیبانەوە، زەواهیری دەرکەوت و لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شاری کابولی ئەفغانستان نیشتەجێبوون.

ئەمەریکا حەشارگەی زەواهیری دۆزییەوە و پلانیان بۆ کوشتنی دانا و دواجار لە 31ی تەمووزی 2022 و لە تەمەنی 71 ساڵیدا، کوژرا.