به‌رهه‌م ساڵح: عێراق پێویستی بە چاکسازی ریشەییە

"پێویستە هەوڵەکان یەکبخەین"
به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق
به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق

K24 - هه‌ولێر:

له‌ ساڵیادی عاشوورادا، سه‌رۆككۆماری عێراق داوای یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات رایگه‌یاند، گرنگە یەکڕیز، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین.

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆككۆماری عێراق، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی عاشوورادا، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 8ـی ئاب/ئۆگێستی 2022) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: لە ژێر سێبەری نیشتماندا، بۆ چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵکی خۆڕاگری عێراق، کە شایستەی هەموو خێر و خۆشییەکن، گرنگە یەکڕیز، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین.

وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌می بۆ گەلی عێراق، موسڵمانان و مەرجەعی باڵای شیعه‌كان لە نەجەف، سه‌رۆككۆمار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بە ئاراستەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەتوانا کە شایستەی عێراق بێت، پێویستە هەوڵەکان یەکبخەین، گوتیشی: "عێراق پێویستی بە چاکسازی ریشەییە".