تەندروستی سلێمانی: مانگی رابردوو پشکنین بۆ 76 تەرم لە پزیشکی دادیی کراوە

"27 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوی هاتووچۆ بووه‌"
پەیمانگای پزیشكی دادیی سلێمانی
پەیمانگای پزیشكی دادیی سلێمانی

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا 76 تەرم لە پەیمانگای پزیشكی دادیی سلێمانی پشکنینیان بۆکراوە، کە 58 یان لە رەگەزی نێر و 18ـیان مێ بوون.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانیدا هاتووە "لە ماوەی مانگی رابردوودا، لە (1 تا 31ی ته‌ممووزی 2022)، بە مەبەستی دەستنیشانكردنی هۆكاری گیانلەدەستدانیان، 76 تەرم براوەتە پەیمانگای پزیشكی دادیی سلێمانی و پشكنینیان بۆ كراوە".

ئەو تەرمانەی براونەتە پەیمانگای پزیشکی دادیی سلێمانی، 58 یان لە رەگەزی نێربوون و 18 یان لە رەگەزی مێ بوون.

سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو 76 کەسە، تەندروستی سلێمانی دەڵێت "27 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوی هاتووچۆ، 10 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی سووتاوی، پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی كارەبا، یەک حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی كەوتنەخوارەوە، شەش حاڵەتی خنكان لە ئاودا و 16 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆكاری جیاجیا بووە".

پەیمانگای پزیشكی دادیی سلێمانی، یەکێکە لە دامەزراوەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کەسانە دەکات، کە تەرمەکانیان دەبرێنە پەیمانگاکە، دواتریش راپۆرتێکی زانستی، لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو تەرمەی پشکنینی بۆکراوە، بۆ دادگا دەنێررێت، بۆئەوەی دادوەران بۆ لێکۆڵینەوەکانیان لە دۆسییەکان و دەرکردنی بڕیارەکانیان بەکاریبهێنن.