37 هه‌زار خێزانی ئاواره‌ی عێراقی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن

K24 - هەولێر
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراقی رایده‌گه‌یه‌نێت، 37 هه‌زار خێزانی ئاواره‌ی شارەکانی عێراق له هه‌رێمی كوردستاندا نیشتەجێن.
عه‌لی عه‌باس جهاكیر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاندووە: "له یاسای ئاسایشی خۆراكدا بودجه‌یه‌ك بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری فریاگوزاری ئاواره‌كان ته‌رخانكراوه، له‌نێویاندا 37 هه‌زار ئاواره‌ی عێراقی له 28 كه‌مپی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراقی ئاماژەی بەوەشکردووە، له پلانیاندایه له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی په‌نابه‌ری عێراقی له كه‌مپی هۆلی سووریاوه بگوازنه‌وه بۆ كه‌مپی جه‌دعه له پارێزگای نه‌ینه‌وا.
جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، بڕیاره تا كۆتایی ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 500 خێزان له كه‌مپی هۆل بگوازرێنه‌وه و تاوه‌كو ئێستا 153 خێزان گواستراونه‌ته‌وه‌و له قۆناغی داهاتوودا 150 خێزانی دیكه‌ش ده‌گوازرێنه‌وه.