ئه‌ردۆغان: وڵاته ئه‌وروپییه‌كان سه‌رقاڵی چۆنییه‌تی دابینكردنی سووته‌مه‌نین بۆ زستان
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆككۆماری توركیا وڵاته‌كه‌ی به پردی گه‌یاندنی وزه له‌نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای جیهان ناوده‌بات و گوتی: "پێگه‌ی توركیا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له ئێستادا زۆر به‌هێزه".
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا له ویلایه‌تی تشوروم، له‌میانه‌ی كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری رایگه‌یاند، حكومه‌ته‌كه‌ی سووته‌مه‌نی بۆ وه‌رزی زستان دابینده‌كات، له‌وكاته‌ی وڵاته ئه‌وروپییه‌كان سه‌رقاڵی چۆنییه‌تی دابینكردنی سووته‌مه‌نین بۆ ئه‌م وه‌رزه.
ئه‌ردۆغان راشیگه‌یاند، پێگه‌ی توركیامان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌هێزكردووه، تا ئه‌و ئاسته‌ی چاره‌سه‌ر بۆ زۆربه‌ی قه‌یرانه‌كان ده‌دۆزینه‌وه و هه‌موو لایه‌نه ناكۆكه‌كان كۆده‌كه‌ینه‌وه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، توركیا بووه‌ته پردی په‌یوه‌ندی دابینكردنی وزه له رۆژهه‌ڵاتی جیهانه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی رۆژئاوا.
جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی له رێگه‌ی 6 كه‌شتییه‌وه، به‌چڕی ده‌ستی به گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی غازی سرووشتی، له هه‌ردوو ده‌ریای (ناوه‌ڕاست و ره‌ش) كردووه.
توركیا پلانی داناوه له ساڵی 2023 رۆژانه 10 ملیۆن مه‌تر دووجا، غازی سرووشتی له ده‌ریای ره‌شه‌وه دابینبكات.
شه‌ڕی ئۆكرانیا له (24ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)ـه‌وه ده‌ستیپێكردووه، له ده‌ستپێكی شه‌ڕدا رووسیا تا نزیك كیێڤی پایته‌خت پێشڕه‌ویكرد، دواتر شه‌ڕه‌كه‌ی به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته گواسته‌وه.
له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكی ئه‌م جه‌نگه، ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی، سزایان خستووه‌ته سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی رووسیا، كه به‌هۆیه‌وه نرخی سووته‌مه‌نی له جیهاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه.
پسپۆرانی ئابووری و سیاسییه‌كانی ئه‌وروپا، هه‌میشه پێشبینییه‌كانیان له‌باره‌ی هاتنی زستانیكی قورس به‌هۆی گرانبوونی نرخی غاز و نه‌گه‌یشتنی غازی رووسیا، ده‌خه‌نه‌ڕوو.