چین و رووسیا بەشداریی نمایشی سەربازیی هاوبەش دەکەن

وڵاتانی هیندستان، مەنگۆلیا، بیلارووس و تاجیکستان لەو وڵاتانەن کە بڕیارە لەو نمایشە سەربازییە هاوبەشەدا بەشدار بن

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند کە چەندین یەکەی سوپای وڵاتەکەی لە نمایشە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ سوپای رووسیادا، بەشدار دەبن.

بڕیارە ئەو نمایشە سەربازییانە کۆتاییەکانی ئەم مانگە (ئاب) بەڕێوە بچن.

بەڕێوەچوونی نمایشی سەربازیی هاوبەش، نیشانەی پتەوبوونی پەیوەندی نێوان رووسیا و چینە. ئەوە لە کاتێکدایە کە سوپای رووسیا بە هۆی هێرشی سەر ئۆکرانیا، گەمارۆی نێودەوڵەتی خراوەتەسەر.  

وڵاتانی هیندستان، مەنگۆلیا، بیلارووس و تاجیکستان لەو وڵاتانەن کە بڕیارە لە نمایشە سەربازییە هاوبەشەکانی چین و رووسیادا بەشدار بن.

وەزارتی بەرگری چین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە نمایشی سەربازیی هاوبەش، دەبنە هۆی پتەوبوونی پەیوەندیی سەربازیی نێوان وڵاتان لە بەرامبەر "هەر هەڕەشەیەکی تەناهی و ئەمنیدا".

لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاندووە، "لێکدانەوەی تایبەت"ـیان لەو جۆرە نمایشە سەربازییانە نییە.