ئەمەریکا وەڵامی ئێران دەداتەوە

ئێران تا ساڵی 2031 مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی سەروو 3.67٪ و هەڵگرتنی زیاتر لە 300 کیلۆگرام یۆرانیۆمی نابێت

K24 – هەولێر

سەرەڕای دژایەتی ئیسرائیل و کۆمارییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی جۆو بایدن بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کردووە کە واشنتن رۆژی چوارشەممە (24ی ئاب) بۆچوونی خۆی لەبارەی وەڵامی ئێران بۆ پێشنیارەکەی یەکێتی ئەوروپا، رادەگەیەنێت.

ئاژانسی ئەسیۆشێتدپرێس، لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە، دوای وەڵامدانەوەی تاران لەلایەن واشنتنەوە، رەنگە خوولێکی دیکەی دانوستاندن لە ڤییەننا بە مەبەستی جێگیرکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتننامەیەک، بەڕێوەبچێت.

هاوکات دیپلۆماتێکی ئاگادار لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بە فاینەنشیەڵ تایمز دەڵێت: ئێران دەیەوێت ئەوە گەرەنتی بکات کە ئەگەر کابینەی داهاتووی ئەمەریکا پابەندی رێککەوتننامەکە نەبوو، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران بەردەوام بێت. ئەم داوایەی تاران، گەورەترین بەربەستی بەردەم زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێرانە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی بە ئەلعەرەبییەی گوتووە: لە رێککەوتننامە نوێیەکەدا، ئێران تا ساڵی 2031 مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی سەروو 3.67٪ و هەڵگرتنی زیاتر لە 300 کیلۆگرام یۆرانیۆمی نابێت.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا، پێویستە ئێران یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 20٪ و 60٪ کە تا ئێستا هەڵیگرتووە، لەناو ببات.