سوپای ئێران "شاری ژێرزەویی" درۆنەکانی ئاشکرا کرد

درۆنی جۆری "کەمان12"
درۆنی جۆری "کەمان12"

K24 – هەولێر

لە دووەمین رۆژی نمایشی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) سوپای ئێران، ڤیدیۆی "شاری ژێرزەویی" فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئێران بڵاوکرایەوە. لە ڤیدیۆکەدا، درۆنێکی جۆری "کەمان12" نیشان دەدرێت.
ئەمە یەکەمجارە بە شێوەیەکی فەرمی ڤیدیۆی لەو جۆرە تۆنێلانە بە مەبەستی بڵاوکردنەوە، بە میدیاکان دەدرێت.

میدیا ئێرانییەکان ئەمڕۆ (پێنجشەممە 25ـی ئاب) بڵاویانکردەوە، لە دووەمین رۆژی نمایشی سەربازیی هاوبەشی درۆنەکانی سوپادا، سێ جۆر درۆنی "هێرشبەر، خۆکوژ و چادێری" ئۆپەراسیۆنیان کرد و "خاڵە گرنگ و هەستیارەکانی دوژمنیان" لە رێگەی چەکی پێشکەوتووەوە، لەناو برد.

بە پێی لێدوانی مەحمود موسەوی، وتەبێژی نمایشە سەربازییەکە، لەو نمایشەدا درۆنەکانی جۆری "کەمان"، "موهاجیر" و "ئەبابیل"، بەکارهاتوون.

ئەو، بە میدیا ئێرانییەکانی راگەیاندووە، "ئۆپەراسیۆنی درۆنی، بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتوو و بەهێزترکردنی تەقەکردن، ئامانجەکانی سوپان".

ئەو نمایشە سەربازییە دوو رۆژە، لە رۆژی چوارشەممە (24ـی ئاب)ـەوە دەستی پێکردووە و سەرووی 150 درۆن تێیدا بەشداربوونە.

مەحمود موسەوی، رایگەیاندووە کە سنووری جوگرافیایی ئۆپەراسیۆنەکە، هەموو ئێران و خەلیج و دەریای عەمانیشی گرتووەتەوە.