قوم یان نەجەف؛ لایەنگرانی سەدر دەبنە شوێنکەوتووی کام مەرجەعییەت؟

زۆرینەی زۆری ئەندامانی رەوتی سەدر، ئەو گەنجانەن کە دژی ئێرانن و بەلایانەوە قورسە کەسێک ببێتە مەرجەعیان کە لە ئاراستەی سیاسەتەکانی ئێراندا بێت
موقتەدا سەدر و کازم حائری
موقتەدا سەدر و کازم حائری

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر کشانەوەی تەواوی خۆی لە سیاسەت راگەیاند، عێراق و بەتایبەت بەغدا شەپۆلێکی نوێی خۆپێشاندان و توندوتیژی بەخۆیەوە بینی. بڕیارەکەی سەدر، دوابەدوای بەیاننامەکەی کازم حائیری، مەرجەعی تەقلیدی شیعەکان و راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی لە مەرجەعییەت بوو. کازم حائیری، کێیە و چ پەیوەندییەکی لەگەڵ سەدر هەیە؟

سەجاد جیاد، لێکۆلەر لە دامەزراوەی "قەڕن" کە بارەگاکەی لە ئەمەریکایە، دەڵێت: خانەنشینی یان دەستلەکارکێشانەوەی مەرجەعی ئایینی شیعە، کارێکی نائاساییە و مێژووی نوێ، شتی وای بەخۆوە نەبینیوە. بەپێی گوتەی سەجاد جیاد، "هەندێ مەرجەع چالاکییەکانیان کەمدەکەنەوە یان دەرکردنی حوکمی شەرعی رادەگرن، بەڵام لە ماوەی نیوسەدەی رابردوودا نەمبیستووە، مەرجەعێک بەیاننامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی بڵاوبکاتەوە.   

بەیاننامەکەی حائیری کە رۆژی 28ـی ئاب دەرچوو، چەند خاڵێکی جێی سەرنجی تێدابوو. ئەو دەڵێت، بەهۆی نەخۆشی و پیرییەوە، ناتوانێت وەک مەرجەع درێژە بەکارەکانی بدات و داوای لە لایەنگرانی کرد، ببنە شوێنکەوتووی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران. حائیری، رەخنەی لە موقتەدا سەدر گرت و گوتی، ناتوانێت ببێتە مەرجەع و توانای رێبەرایەتی ئایینی نییە.  

مارسین شەمەری، لێکۆلەری عێراقی لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت: خانەنشینی مەرجەعی ئایینی بەهۆی پیرییەوە، کارێکی نائاساییە. ئەوان بەهۆی پێگەکەیانەوە دەتوانن، بنکەی خۆیان هەبێت و پشتگیری لە قوتابییەکانیان بکەن. زۆربەری مەرجەعەکان بەهۆی منداڵ و قوتابییەکانیانەوە، کاروباری رۆژانەیان رادەپەڕێنن. هەر بۆیە پیری، نابێتە هۆی بەجێنەگەیاندنی کارەکانی مەرجەع. بۆ نموونە سیستانی 93 ساڵانەیە و لە کارەکەشی بەردەوامە.

کازم حائری
کازم حائیری

سەجاد جیاد، باس لە پەیوەندی نزیکی کازم حائیری و محەمەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر دەکات. محەمەد سادق سەدر، داوای لە لایەنگرانی کردبوو، دوای مردنی، ببنە شوێنکەوتووی حائیری و ئەوی وەک "زانا" دوای خۆی ناساندبوو. جیاد دەڵێت: بەو پێیە کشانەوەی حائیری لە مەرجەعییەت، زەبرێکی گەورە بۆ موقتەدا سەدر بوو.  

ساڵی 1999 باوکی سەدر و دوو برای، تیرۆر کران و دواتر کازم حائیری، جێی محەمەد سادق سەدری وەک مەرجەعی شیعەکان گرتەوە. لەو کاتەوە سەدر هاتە ناو سیاسەت، هیچ کاتێک ناوی وەک مەرجەع نەهاتووە، چونکە مەرجەعبوون پێویستی بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستی و ئایینی تایبەت هەیە.

 

پێگەی حائیری لە مەرجەعییەتی شیعەدا

ریزبەندی فەرمی لە ناو رێبەرانی ئایینی شیعەدا نییە و پێگەی هەر مەرجەعێک بە پێی دەستکەوتە زانستی و ژمارەی لایەنگرانی دیاریدەکرێت. زۆربەی مەرجەعەکانی شیعە، دەرچووی قوتابخانە ئایینییەکانی قوم و نەجەفن و ساڵانێکی زۆر لەو قوتابخانانە خویندوویانە و وانەیان گوتووەتەوە.

زانایانی ئایینی کاتێک رۆڵی مەرجەعییەت دەگێڕن کە هاوکاران و مەرجەعەکانی دیکە، شایەتی لەسەر پێشوەچوونی ئاستی زانستی و توانای لێکدانەوەی حوکمە شەرعییەکانیان بدەن. لەو حاڵەتەدا خەڵکی ئیماندار دەتوانن بیکەن بە مەرجەعی خۆیان و لەبارەی کاروباری ئایینی و ژیانیاندا، بۆچوونی وەربگرن.

سەجاد جیاد دەڵێت: مەرجەع بۆ بەدەستهێنانی مەرجەعییەت یان دانپێنانی، پێویستی بە حکومەت و ناوەندی فەرمی نییە. شیعەکان لە ماوەی هەزار ساڵی رابردوودا مەرجەعی زۆریان هەبووە و بەتایبەت لە نیوسەدەی رابردوودا، دەیان مەرجەع هاوکات بە یەکەوە هەبووە و کاریانکردووە. هەڵبەت زۆربەیان مەرجەعی خۆجێی و بە ژمارەیەک شوێنکەوتووی کەمەوە، تەنها لە ناوچە یان شاری خۆی ناسراون. هەندێک مەرجەعیش وەکوو سیستانی لە هەموو جیهاندا شوێنکەوتووی هەیە.

موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

هاوکات مارسین شەمەری، لێکۆلەر، پێیوایە "مەرجەعەکانی وەکوو سیستانی و خامنەیی، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی شوێنکەوتوو و قوتابیانیان و فراوانیی تۆڕی پەیوەندیان، پێگەی دیارتریان هەیە. حائیری، مەرجەعە و بە پلەی ئیجتهاد گەیشتووە و لایەنگر و قوتابی هەیە، بەڵام مەرجەعێکی زۆر ناودار نییە و ژمارەی شوێنکەوتووانیشی کەمن.

لە مەرجەعە گرنگەکانی ئێستا دەکرێت ئاماژە بە سیستانی لە نەجەف، خامنەیی لە تاران و وەحید خوراسانی و سادق شیرازی لە قوم، بکرێت. روحوڵا خومەینی، ئەبولقاسم خویی، محەمەد سەعید حەکیم، محەمەد باقر حەکیم، محەمەد حوسێن فەزڵوڵا، محەمەد باقر سەدر و محەمەد سادق سەدر، لە مەرجەعە گرنگەکانی ئەو سەردەمە بوونە.

 

پێگەی حائیری لە ناو رەوتی سەدر

کازم حائیری، مێژوویەکی دوورودرێژی لە چالاکییە سیاسییەکانی بنەماڵەی سەدردا هەیە و لەو مەرجەعە شیعانەیە کە کۆتاییەکانی حەفتای سەدەی رابردوو، لە نەجەفەوە چوو بۆ ئێران.

حائیری ساڵی 1938 لە کەربەلا لەدایکبووە و بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمی خۆی، دوو لە پێنج براکانی لە ناو بەندیخانەی رژێمی بەعسدا گیانیان لەدەستداوە.

لە سەردەمی منداڵی لەگەڵ باوکی، چووەتە نەجەف و کاتێک تەمەنی 22 ساڵان بووە، لەگەڵ ئامۆزای خۆی ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و چوار منداڵی هەیە. خوێندن و نووسین و قورئانی لای دایک و باوکی فێربووە و لە تەمەنی 17 ساڵیدا، بەشداری وانەکانی شاهردووی، لە مەرجەعە تەقلیدەکانی ئەو کاتی کردووە.

کازم حائیری ساڵانیکی زۆر لای شاهروودی وانەی خوێند و دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ محەمەد باقر سەدر، بوو بە قوتابی ئەو. لە ماڵپەڕەکەیدا نووسراوە، "ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ژیانی زانستی حائیریدا دروستکرد".

دوای چوونی بۆ شاری قوم، رۆڵی گەورەی لە وانەگوتنەوەدا هەبووە و قوتابخانەیەکی بە ناوی "محەمەد باقر سەدر"، بۆ خوێندنی قوتابییە عێراقییەکان داناوە.

حائیری لە دامەزراندنی حزبی دەعوە و چالاکییە سیاسییەکاندا، یارمەتی محەمەد باقر سەدری داوە. لەو سەردەمەیدا کە لە عێراق دوورخرابووەوە، بوو بە کەسی یەکەمی حزبی دەعوە لە سووریا و ئێران، بەڵام وەک سەجاد جیاد دەڵێت: دواجار وازی لە کاری سیاسی هێنا و خەریکی وانەوتنەوە بوو.

ئەو، لە قوتابخانە ئایینییەکەدا، یارمەتی باوکی موقتەدا سەدری دەدا. محەمەد باقر سەدر لە چاوپێکەوتنێکیدا گوتبووی: دوای مردنی من، ئایەتوڵا کازم حائیری، زانا و مەرجەعە.

کازم حائیری، ناوبانگی بۆ دژایەتی لەگەڵ رژیمی سەدام حوسێن هەبوو و بە پێی زانیارییەکانی ناو ماڵپەڕەکەی، "لەسەر بنەمای پێشنیار و فتوای زانایانەی لە کتێبی دەلیل موجاهید، بۆ پشتگیری لە بزوتنەوەی جەماوەریی خەڵکی عێراق و جەنگاوەرانی، هەوڵیدا".

حائیری، دوای هێرش بۆ سەر عێراق، بەیاننامەیەکی دەرکرد کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. ئەو لە بەیاننامەکەدا داوای "رشتنی خوێنی سیمبولی بەعسییەکانی لە عێراق" کردبوو. حائیری، رەشنووسی دەستووری هەمیشەیی "کۆماری ئیسلامیی عێراق"ـی ئامادەکردبوو.

حائری، رەخنەی لە دژایەتی سەدر لەگەڵ حکومەتی نووری مالیکی گرت و لەو کاتەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو کەسە بەتەواوی تێکچوو
حائیری، رەخنەی لە دژایەتی سەدر لەگەڵ حکومەتی نووری مالیکی گرت و لەو کاتەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو کەسە بەتەواوی تێکچوو

پەیوەندی نێوان موقتەدا سەدر و حائیری تا پێش لە راگەیاندنی کشانەوە لە مەرجەعییەت (ئەو بەیاننامەیە وەک راگەیاندنی بێتوانایی موقتەدا سەدریش خوێندنەوەی بۆ دەکرێت) هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

مارسین شەمەری دەڵێت: سەرەتا پەیوەندنی نێوان سەدر و حائیری زۆر خۆشبوو، بەتایبەت ئەو کاتەی سەدر بۆ ماوەیەکی کەم لە شاری قوم قوتابیی ئەو بوو، بەڵام ئەو کاتەی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە داگیرکرا و حائیری دژایەتی خۆی لەگەڵ چالاکی سەدر لە سوپای مەهدی و چوونی بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی راگەیاند، پەیوەندیان تێکچوو.

حائیری، ساڵی 2008 رەخنەی لە دژایەتی سەدر لەگەڵ حکومەتی نووری مالیکی گرت و لەو کاتەوە پەیوەندی نێوان ئەو دوو کەسە بەتەواوی تێکچوو.

 

خانەنشینی حائیری چ کاریگەرییەکی لەسەر سەدر هەیە؟

سەرەڕای ئەوەی ساڵانیکە پەیوەندی نیوان حائیری و سەدر نەماوە، بەڵام بەیاننامەی حائیری کە تێیدا هێرشیکردبووە سەر ئاستی زانستی و زانیاری ئایینی موقتەدا سەدر، کاریگەری لەسەر سەدر هەبوو. هەڵبەت ئەوەش روونە کە هیچ کاتێک سەدر باسی لە گەیشتنی بە پلەی مەرجەعییەت نەکردووە. 

مارسین شەمەری و سجاد جیاد، هاوڕان لەسەر ئەوەی شوێنکەوتووانی حائیری، کەسانێکن لە نەوەی کۆن و لە راستیدا هی سەردەمی باوکی موقتەدان.

جیاد دەڵێت: زۆربەی ئەندامانی رەوتی سەدر گەنجانێکن کە حائیری ناناسن و شوێنکەوتووی هیچ مەرجەعێک نین، نە سیستانی و نە هیچ مەرجەعێکی دیکە. ئەوان بە تەواوی لایەنگری موقتەدا سەدرن.

زۆربەی ئەندامانی رەوتی سەدر گەنجانێکن کە حائری ناناسن
زۆربەی ئەندامانی رەوتی سەدر گەنجانێکن کە حائیری ناناسن

خاتوو شەمەری، پێیوایە پێشنیاری حائیری بۆ پەیڕەوی لە خامنەیی، "تەنها کاریگەری لەسەر گرووپیکی بچووک دەبێت کە پابەندی شەرعن و قسەکانی بە جیدی وەردەگرن، ئەوانیش کەسانی سەردەمی محەمەد سادق سەدرن، بەڵام زۆرینەی زۆری ئەندامانی رەوتی سەدر، ئەو گەنجانەن کە دژی ئێرانن و بەلایانەوە قورسە کەسێک ببێتە مەرجەعیان کە لە ئاراستەی سیاسەتەکانی ئێراندا بێت.

ئەو، دووپاتیکردەوە، رەنگە خانەنشینی حائیری بۆشاییەکی مەرجەعییەت لەناو ریزەکانی رەوتی سەدردا دروستبکات، بەڵام "ئەوە پێشبینیکراوە، چونکە پەیوەستبوونی سەدرییەکان بە هەر مەرجەعێکەوە، زۆر لاوازە و پابەندبوونی ئەوان بە موقتەدا سەدر، لە هەر شتێکی دیکە بەهێزترە."