دەیان وڵاتی پاڵپشتیکاری سەربازیی ئۆکرانیا کۆبوونەوە

K24 - هەولێر

دەیان وڵات کە بەرامبەر بە هێرشە سەربازییەکانی رووسیا، پشتگیری لە ئۆکرانیا دەکەن، لە کۆنفرانسێکدا کۆبوونەوە و مەبەست لێی پشتگیری سەربازیی زیاترە لە ئۆکرانیا.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئەرکی سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەکەی لەسەر شانە کە لە بنکەی سەربازیی رامشتاین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. ئۆکرانیا داوای لە وڵاتانی رۆژئاوایی کردووە درێژە بە پڕچەککردنی بدەن، چونکە دەیانەوێت ئەو ناوچە و شوێنانەی لەلایەن سوپای رووسیاوە داگیرکران، کۆنترۆڵیان بکەنەوە.

سکرتێری گشتیی ناتۆ، پێیوایە شەرەکە لە دۆخێکی هەستیار دایە. تۆپخانە و موشەکە دوورمەوداکان کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە دابینکراون، یارمەتی سوپای ئۆکرانیا دەدەن هێڵی پێشەوە و ناوەندەکانی فەرماندەیی رووسیا بپێکن.

هاوکات ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا رایگەیاندووە، هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر سوپای رووسیا لە قۆڵی باشوورەوە، سەرکەوتووبوونە و شارەدێیەکانی نزیک شاری "خارکێف"ـیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.