وەزیری دارایی: هەوڵدەدەین ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی نەھێڵین

وەزیری دارایی لەگەڵ شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کۆبووەوە

K24 - هەولێر:

وەزیری دارایی لەگەڵ شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کۆبووە و رایگەیاند، هەوڵدەدەن ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی نەھێڵن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی ئەیلولی 2022، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم/ سلێمانی، لەگەڵ سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی شارەکە کۆبووەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکە بەمەبەستی بەدواداچونی مەیدانی بۆ گرفتە دارایی و کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بووە.

لەو کۆبوونەوەدا، وەزیری دارایی باسی لەمپەرەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکان کردووە و جەختیکردووەتەوە، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی گرفت و ئاستەنگە دارایی و کارگێڕییەکانی  فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان نەھێڵن و کارئاسانی لەبەردەم قەرزی کەڵەکەبووی هاووڵاتیان بکرێت.

هاوکات لە راگەیەندراوی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانیدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەکردووە، "زۆربە کێشەکانی شارەوانییمان پەیوەندی بە لایەنی دارایی و بانکەوە هەیە، هەروەها هاوکاریکردن و خەرجکردنی سیولە کاریگەریی لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پاک و خاوێنی و سەوزایی شارەوە دەبێت."

کۆبوونەوەکە لە بینای شارەوانی سلێمانی بەڕێوەچوو، هەریەکە لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی بانکی ھەرێم لە سلێمانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە ئامادەبوون.

چەند مانگێکە بەهۆی نەبوونی سیولەی بانکی، کێشەی دارایی لە پارێزگای سلێمانی دروستبووە و بەشێک لە مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەرناگرن، هەروەها کێشەی نەبوونی دەرمان و سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەکان دروستبووە، سەرباری خەرجنەکردنی پارەی بەڵێندەران و وەستانی بەشێک لە پڕۆژەکان.