پوتن: ئامادەین 50 ملیۆن تۆن دانەوێڵە رەوانەی بازارەکانی جیهان بکەین

"ئەمساڵ بەرهەمی دانەوێڵەکان زۆر باش بووە"
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا

K24 - هەولێر:

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئامادەن تا کۆتایی ئەمساڵ 50 ملیۆن تۆن دانەوێڵە رەوانەی بازارەکانی جیهان بکەن.

سەرۆکی رووسیا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی 6 ملیۆن تۆن دانەویڵەی هەناردەی بازارەکانی جیهان کردووە، داواشیکرد بۆ لەمەودوا دانەوێڵەی زیاتر رەوانەی وڵاتانی هەژار بکرێت.

پوتن گوتیشی: بەدڵنیاییەوە ئێمە ناتوانین کاریگەری بخەینە سەر پرۆسەی هەناردەی دانەوێڵە و دیاریکردنی ئەو شوێنانەی کە دەبێت دانەوێڵەی بۆ بچێت.

سەرۆکی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو، "بەگشتی پێموایە دەتوانین هەناردەی دانەوێڵە بۆ وڵاتانی هەژار زیاد بکەین. رووسیای فێدراڵ لە ئایار و ئابی ئەمساڵ 6 ملیۆن و 600 هەزار تۆن دانەوێڵەی رەوانەی بازارەکانی جیهان کردووە."

جیا لەوەش 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆن دانەوێڵە لە رووسیاوە بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین نێردراوە، بە گوتەی سەرۆکی رووسیا.

پوتن ئاماژەی بەوەشدا، تا کۆتایی ئەمساڵ 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی دیکە هەناردەی دەرەوە دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەن قەبارەی هەناردەی دانەوێڵەیان بۆ وڵاتانی دەرەوە تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ 50 ملیۆن تۆن بەرزبکەنەوە، چونکە ئەمساڵ بەرهەمی دانەوێڵەکان زۆر باش بووە.