کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا

"رزگار محەمەدزادە تەمەنی 40 ساڵ و باوکی دوو منداڵ بووە"
رزگار محەمەدزادە
رزگار محەمەدزادە

K24 - هەولێر

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز لە سنووری هەنگەژاڵی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا.

ئەمڕۆ (دووشەممە 12ی ئەیلوولی 2022) رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەداوە، شەوی (11ی ئەیلوول) رزگار محەمەدزادە تەمەن 40 ساڵ، کە باوکی دوو منداڵ بووە، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراوە.

رێکخراوەکە دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانی ئێران، لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لەو کۆڵبەرەی خەڵکی شاری سەقز کردووە".

دوای رووداوەکەش تەرمی کۆڵبەرەکە براوەتە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی دوو مانگدا، هەشت کۆڵبەر لە سنووری بانە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.

بەشێک لە دانیشتوانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، بە رێگا سەخت و شاخاوییەکاندا دێنە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و کاری گواستنەوەی کەلوپەل دەکەن، بەڵام حکومەتی ئێران، کاری ئەو کۆڵبەرانەی بە نایاسایی و قەدەغە ناساندووە.