هۆکاری تووشبوونی 100 خوێندکار لە سلێمانی بە سکچوون و رشانەوە ئاشکراکرا

"خواردنی خوێندنگاکە ناتەندروست بووە و ئاوەکەشی بۆ خواردنەوە شیاو نەبووە"
نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری سلێمانی
نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری سلێمانی

K24 - سلێمانی:

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە تووشبوونی 100 خوێندکاری خوێندنگەیەکی سلێمانی بە سکچوون رشانەوە ئاشکراکرا و تەندروستی سلێمانی دەڵێت، خواردنی خوێندنگاکە ناتەندروست بووە و ئاوەکەشی بۆ خواردنەوە شیاو نەبووە.

ئەمڕۆ شەممە 24ی ئەیلوولی 2022، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە. دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئەیلوولی 2022، لە خوێندنگایەك لە ناو شاری سلێمانی زیاتر  (100) خوێندکار بەحاڵەتی سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەی د.جمال ئەحمەد رەشید تایبەت بەمنداڵان دەکەن، بەمەبەستی بەدواداچوون لەو حاڵەتە، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لیژنەیەکی تایبەت لە ( چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگاکان) راسپارد راستەوخۆ بەدواداچوون بکرێت لە دۆزینەوەی حاڵەتەکان و نموونەی ئاو بۆپشکنینی تاقیگەیی وەربگیرێت.

تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی ئەنجامی پشکنینەکانی ئەو لیژنەیە دەرکەوت:

1. ئامادەکردنی خواردن بۆ خوێندکاران لەفرۆشگای خوێندنگاکە بەشێوەیەکی (نا تەندروست ) ئامادەکرابوو.

2. دوای وەرگرتنی نموونەی سەرچاوەی دابینکردنی ئاو لە خوێندنگاکە دەرکەوت ئەو ئاوەی لەڕێگەی بیرەوە دابیندەکرێت و  خوێندکاران بەکاریدەهێنن لەڕووی (بەکتریۆلۆجی)ییەوە (نەشیاوە) و بۆ خواردنەوە ناگونجێت.

هاوکات دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان بە کوردستان24ی راگەیاند، پاکوخاوێنی و بڵاوکردنەوەی رێنمایی بۆ ناو خوێندکاران گرنگە و گوتیشی ئەوان پێشتر داوایان کردووە لە جیاتی خواردن میوە لە کافتریای خوێندنگاکان بفرۆشرێت.