هه‌ر رووسییه‌ك له خزمه‌تی سه‌ربازی هه‌ڵبێت 10 ساڵ زیندانی ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
به‌پێی فه‌رمانێكی نوێی كۆشكی كرملین، هه‌ر رووسییه‌ك له خزمه‌تی سه‌ربازی هه‌ڵبێت یان ره‌تیبكاته‌وه، ئه‌وا رووبه‌رووی سزای زیندانیكردن تا 10 ساڵ ده‌بێته‌وه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه (24ـی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا واژووی له‌سه‌ر فه‌رمانی چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی یاسای تایبه‌ت به خزمه‌تی سه‌ربازی له وڵاته‌كه‌ی كرد.
به‌گوێره‌ی ئه‌و فه‌رمانه‌ی پوتن، هه‌ر سه‌رباز و پله‌دارێكی سووپای رووسیا له‌كاتی خزمه‌تی سه‌ربازی و جه‌نگدا هه‌ڵبێت، دوای ده‌ستگیركردنی رووبه‌رووی لێپرسینه‌وه‌ی سه‌ربازی ده‌بێته‌وه و به 10 ساڵ زیندانیكردن سزاده‌درێت.
هه‌روه‌ها ئه‌و فه‌رمانه هه‌موو ئه‌و رووسیانه‌ش ده‌گرێته‌وه، كه ره‌تیده‌كه‌نه‌وه خۆیان ناونووس بكه‌ن وه‌ك سه‌ربازی یه‌ده‌گ له سووپای وڵاته‌كه‌یان له‌كاتی جه‌نگدا.
كرملین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئاسانكاری بۆ پێدانی ره‌گه‌زنامه‌ی رووسی ده‌كرێت، بۆ هه‌موو ئه‌و بیانییانه‌ی له ریزی سووپای رووسیا بۆ زیاتر له ساڵێك ده‌جه‌نگن.
ئه‌و هه‌وڵانه‌ی مۆسكۆ له‌پێناو زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازه شه‌ڕكه‌ره‌كانییه‌تی له ئۆكرانیا، له كاتێكدا ژماره‌یه‌كی زۆر له پیاوانی رووسی هه‌وڵی جێهێشتنی وڵاته‌كه‌یان ده‌ده‌ن بۆ به‌شدارینه‌كردنی ناچاریانه له جه‌نگی ئۆكرانیا.
رۆژی پێنجشه‌ممه (22ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، گۆڤاری نیوزویكی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه، به‌درێژایی 10 كیلۆمه‌تر له‌سه‌ر سنووری نێوان رووسیا و جۆرجیا، كاروانی ئۆتۆمبێلی رووسی وه‌ستاون بۆ جێهێشتنی وڵاته‌كه‌یان.
راپۆرته هه‌واڵییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردبوو، هه‌زاران گه‌نجه رووسی كه خزمه‌تی سه‌ربازی ده‌یانگرێته‌وه به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی كرملین بۆ زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازانی یه‌ده‌گ، له چه‌ند رۆژی رابردوودا، هه‌وڵی گه‌شتكردنیان بۆ جۆرجیا، ئه‌رمینیا، ئازه‌ربایجان، كازاخستان، فنله‌ندا و توركیا داوه.
رۆژی چوارشه‌ممه (21ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، سێرگی شویگۆ، وه‌زیری به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، 300 هه‌زار سه‌ربازی یه‌ده‌گ له سووپای ووڵاته‌كه‌یان داده‌مه‌زرێنن، دوای ئه‌وه‌ی پوتن له گوتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، رووسیا هه‌موو رێگه‌چاره سه‌ربازییه‌كان له ئۆكرانیا به‌كارده‌هێنت.
هه‌روه‌ها ئاژانسی ئه‌سیۆشه‌یتد پرێس بڵاویكردووه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو هه‌ریه‌كه له وڵاته‌كانی ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا سنووری خۆیان به‌ڕووی هاووڵاتیانی رووسی داخست، ئاماده‌نه‌بوونی خۆشیان بۆ پێدانی مافی نیشته‌جێبوون به هاووڵاتیانی رووسی دووپاتكرده‌وه.
هه‌رچه‌نده له‌وه‌تی جه‌نگی ئۆكرانیا ده‌ستیپێكردووه هه‌موو گه‌شته راسته‌وخۆكانی نێوان رووسیا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا راگیراوه، به‌ڵام به‌شێك له هاووڵاتیانی رووسی له‌رێگه‌ی وڵاتانی دراوسێیانه‌وه هه‌وڵی گه‌یشتنیان به ئه‌وروپا داوه.
جه‌نگی ئۆكرانیا له (24ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)ـه‌وه ده‌ستیپێكرد و له ده‌ستپێكی شه‌ڕدا رووسیا تا نزیك كیێڤی پایته‌خت پێشڕه‌ویكرد و تا ئێستاش له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته شه‌ڕ به‌رده‌وامه.