ڤیان سه‌بڕی: پارتی ته‌نها ده‌چێته‌ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌تی و رێككه‌وتنانه‌ كه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت

ڤیان سه‌بڕی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
ڤیان سه‌بڕی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌ر هاوپه‌یمانی و رێككه‌وتنێك له‌ خزمه‌تی گه‌لی كوردستاندا بێت، ئێمه‌ تێیدا به‌شداری ده‌كه‌ین.

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ (26ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ڤیان سه‌بڕی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، روونیكرده‌وه‌، له‌ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومه‌تی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌پێی شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆی به‌شداری ده‌كات.

ڤیان سه‌بری له‌ په‌راوێزی چواره‌مین دیداری ئه‌لڕافیده‌ین له‌ به‌غدا كه‌ كوردستان24 سپۆنسه‌ری میدیایی كردووه‌، ئاشكرایكرد، دوای رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر بنه‌مای لێكتێگه‌یشتن ده‌بێت، له‌باره‌ی پرسه‌ سیاسییه‌ گشتییه‌كانی عێراق و مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك پرسی بودجه‌، پێشمه‌رگه‌ و كه‌ركووك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور.

رۆژی شه‌ممه‌ (24ـی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پارتی و یه‌كێتی ئێستا له‌قۆناغی گفتوگۆدان و، تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنی كۆتایی سه‌باره‌ت به‌ یه‌ك كاندیدی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق.

 ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (26ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو (28ـی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022) بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ خاڵێكی به‌رنامه‌ی كار ئاماژه‌ به‌ ده‌ستله‌كاكێشانه‌وه‌ی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، له‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات.