گوته‌بێژی یه‌كێتی: له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا كار بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كه‌ین

گوته‌بێژی یه‌كێتی: پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌ركه‌وته‌ی یه‌كێتییه‌
لۆگۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
لۆگۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

گوته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، د. سۆران جه‌مال تاهیر رایگه‌یاند، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق چووه‌ته‌ ریزی هاوپه‌یمانی "ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت" و یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری ته‌نیا یه‌ك كاندیدی هه‌یه‌.

له‌ لێدوانێكدا بۆ وێبسایتی كوردستان24، د. سۆران جه‌مال تاهیر رایگه‌یاند، گفتوگۆ و دانووستانی نێوان لایه‌نه‌كان، له‌ ماوه‌ی 10 رۆژی رابردوودا ئه‌نجامی "باشی" لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و لایه‌نه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی هاوپه‌یمانییه‌ك به‌ ناوی "هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت" رابگه‌یه‌نن.

وتیشی: ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌، كه‌ له‌ كورد و سوننه‌ و شیعه‌ پێكهاتووه‌، زۆربه‌ی لایه‌نه‌ شیعییه‌كانی تێدایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت دابڕێژێت بۆ ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت له‌ قۆناغی داهاتوودا و حكومه‌تێكی بنكه‌فراوان پێكبهێنرێت، كه‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق تێیدا به‌شدار بن.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ ناو ماڵی كوردیشدا، وێڕای خاوبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كان و دیدار و به‌رده‌وامی گفتوگۆكان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هێشتا لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك كیانێكی یه‌كگرتوو بچنه‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقه‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی هاوكات له‌گه‌ڵ گفتوگۆ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یه‌كلایه‌نه‌ به‌شدارین له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق.

د. سۆران جه‌مال تاهیر، ئاشكراشیكرد، كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌، شه‌وی 25ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر كاغه‌زێكی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.

دوای كشانه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در و ره‌وته‌كه‌ی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و كۆتاییهاتنی مه‌راسیمه‌كانی چله‌ی ئیمام حوسێن، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن حكومه‌تی داهاتووی عێراق پێكبهێنن.

هاوكات له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا، جێگره‌وه‌كانی نوێنه‌رانی ره‌وتی سه‌در، كه‌ 73 نوێنه‌رن، سوێندی یاساییان خوارد و بڕیاره‌ دانیشتنه‌كانی نوێنه‌ران ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ دوێنێ محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ بڕیاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ پۆستی سه‌رۆكی نوێنه‌ران خسته‌ به‌رده‌ست نوێنه‌ران بۆ په‌سندكردن یان ره‌تكردنه‌وه‌ی.

د. سۆران جه‌مال تاهیر، باسی له‌ پێشهاته‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق كرد و ره‌تیكرده‌وه‌، ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر خاوبوونه‌وه‌ی پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت بكات.

له‌ باره‌ی هه‌وڵه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و ئه‌گه‌ری گۆڕینی كاندیدی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌ تایبه‌تی له‌ كاتێكدا هه‌ردوولایه‌ن له‌ گفتوگۆدان، د. سۆران جه‌مال تاهیر وتی: راسته‌ گرژییه‌كان خاوبوونه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆ هه‌یه‌، به‌ڵام یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان یه‌ك كاندیدی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار هه‌یه‌ و ده‌ستبه‌رداری كاندیدی خۆی نه‌بووه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستانیش تا ئێستا كاندیدی خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌یه‌.

جه‌ختیكرده‌وه‌، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بڕوای وایه‌، كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری به‌ركه‌وته‌ی كورده‌ و له‌ ناو كوردیشدا پشكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌یری نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، ده‌بینرێت، زۆربه‌ی پۆسته‌ باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان لای پارتی دیموكراتی كوردستانن.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری هاوتاكردنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك و سه‌رۆك كۆمار و سازشكردنی یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستێكیان بۆ پارتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌مال كه‌ركووكی، به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ كه‌ركووك و گه‌رمیان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا باسی كردبوو، گوته‌بێژه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌و دوو پرسه‌ له‌یه‌كدی جیان و ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت و بتوانێت له‌ واده‌یه‌كی دیاریكراودا كاندیدی پێكهێنانی حكومه‌ت راسپێردرێت و حكومه‌ت پێكبێت، پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك، ده‌كرێت دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق تاوتوێ بكرێت و چاره‌سه‌رێكی گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه‌.