كۆمه‌ڵی دادگه‌ری: ئیدانەی هەرجۆرە دەستدرێژیی و لەشكركێشیی و بۆردومانێک دەكەین

دوو پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ زڕگوێز
دوو پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ زڕگوێز

K24 – هه‌ولێر:

راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگه‌ری كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی هێرشی ئه‌مڕۆی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گای لایه‌نه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئیدانەی هەرجۆرە دەستدرێژیی و لەشكركێشیی و بۆردومانێک دەكەین بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان .

هه‌روه‌ها هاتووه‌: پێویستە لەسەر دەوڵەتانی دراوسێ و هێزە نەیارەكانیشیان كە ڕێز لە سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان بگرن و، خاكی هەرێمی كوردستان نەكەنە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی شەڕ و ناكۆكییەكانیان و، كارێك نەكەن كە خەڵكی كوردستان ببێتە سوتماكی ئەم شەڕ و بۆردومانانە .

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ:

ڕاگەیەندراوێك بۆ ڕایگشتیی

‎بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

‎جارێكی دیكە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان كەوتەوە بەر بۆردومانی وڵاتانی دراوسێ و، بەداخەوە كە بۆردومانەكان قوربانیی لێكەوتوەتەوە و، ترسی و دڵەڕاوكێ و نائارامییەكی زۆریشی لەناو هاوڵاتییاندا دروستكردووە .

‎ئەمە یەكەمجار نیە كە هەرێمی كوردستان دەكەوێتەوە ژێر پەلامار و بۆردومانەكانی وڵاتانی دروسێ، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و، ئەم بۆردومانانەش پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە

‎ئێمە لە كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئیدانەی هەرجۆرە دەستدرێژیی و لەشكركێشیی و بۆردومانێک دەكەین بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان .

‎داواش لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەكەین كە بنكە و بارەگاكانیان لەو شوێنانە دووربخەنەوە كە ناوچەی نیشتەجێبوون، تا هاوڵاتیانی مەدەنی نەبنە قوربانیی بۆردومان و ململانێكان .

‎پێویستە لەسەر دەوڵەتانی دراوسێ و هێزە نەیارەكانیشیان كە ڕێز لە سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان بگرن و، خاكی هەرێمی كوردستان نەكەنە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی شەڕ و ناكۆكییەكانیان و، كارێك نەكەن كە خەڵكی كوردستان ببێتە سوتماكی ئەم شەڕ و بۆردومانانە .

‎لەسەر حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی كوردستانیشە، كە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیانیان كە هیچ تاوانێكیان لەم ململانێیانەدا نیە .

‎كۆمەڵی دادگەریی كوردستان

‎ئەنجومەنی باڵا