خۆپێشاندان لە شارە گەورەکانی ئێران بەردەوامە

خۆپێشاندان بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی
خۆپێشاندان بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی

K24 – هەولێر

سەرەڕای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی پتەو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، رۆژی چوارشەممە (28ـی ئەیلول) خۆپێشاندان لە چەند شارێکی گەورەی ئێران بەردەوامبوو.

تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)، بڵاویکردووەتەوە کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە شارەکانی تاران، مەشهەد، ئیسفەهان، تەورێز، سنە و ورمێ خۆپێشاندان بەڕێوەچووە.

هەر لەو رۆژەدا قوتابیانی زانکۆکانی ئیسفەهان، شیراز و سەبزەوار، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی گردبوونەتەوە.

لەو رۆژانی رابردوودا قوتابیانی زۆربەی زانکۆ گەورەکانی ئێران، داوایان لە مامۆستایان و قوتابیان کرد بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرتنی قوتابیانی زانکۆ و هاوکات پشتگیری لە خۆپێشاندانی سەرتاسەری، نەچنە سەر پۆلەکانی خوێندن.

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە گیرابوو، خۆپێشاندان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی فراوانی بەرامبەر بەو پرسە نیشان دا.