گۆتێرێش: لکاندنی هەرێمەکانی ئۆكرانیا به رووسیاوه گرژییەکان مەترسیدار دەکات

K24 – هه‌ولێر:
سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، رایده‌گه‌یه‌نێت، پلانی رووسیا بۆ لکاندنی هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بە خاکی وڵاته‌كه‌ی، گرژییەکان مەترسیدارتر دەکات و لەگەڵ چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان یەکناگرێتەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگه‌یاند، هەر بڕیارێک بۆ جێبەجێکردنی لکاندنی هەرێمەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و ژاپۆریژیا بدرێت، هیچ بەهایێکی یاسایی نابێت و دەبێت ئیدانەبکرێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئەو بڕیارە لەگەڵ چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان یەکناگرێتەوە و دژی هەموو ئەو بەهایانەیە كه کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پابەندە پێیانەوە.
هۆشداریشیدا، كه گاڵتەکردنە بە هەموو ئامانج و بنەماکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، گرژییەکان مەترسیدارتر دەکات، هیچ شوێنێکی نییە لە جیهانی مۆدێرن و نابێت قبوڵبکرێت.
له 24ی شوباتی رابردوودا، شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد و به هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ژماره‌یه‌ك سزای دارایی، ئابووری و سیاسی‌یان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاند.
ئه‌و شوێنانه‌ی كه له چوارچێوه‌ی جه‌نگدا رووسیا كۆنتڕۆڵی كردوون، له رێگه‌ی راپرسییه‌وه هه‌وڵده‌دات كه بیخاته سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكا.