خۆپیشاندانی شاری زاهیدان-ی ئێران دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

دیمەنێکی خۆپیشاندانەکانی شاری زاهیدان
دیمەنێکی خۆپیشاندانەکانی شاری زاهیدان

K24 - هەولێر

پێکدادانی چەکداری لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و خەڵکی شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران، دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

پارێزگاری سیستان و بەلووچستان رایگەیاندووە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانێکدا کە رۆژی هەینی لە ناو شاری زاهیدان هاتووەتە ئاراوە 19 کەس کوژراون و 20 کەسیش بریندار بوون. کەمپینی چالاکانی بەلووچیش دەڵێت "لانی کەم 58 کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون".

ئەو کەمپینە ئاماژەی بەوەشکردووە "بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و جێگرەکەی، هەردووکیان بە تەقەی چەند چەکدارێکی نەناسراو کوژراون و سێ ئەندامی دیکەی سوپای پاسدارانیش بریندار بوون".

سوپای پاسداران لە راگەیاندراوێکدا کوژرانی جێگری بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای زاهیدانی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە کوژرانی بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی زاهیدان نەکردووە.

دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئێران بەهۆی پابەند نەبوونی بە یاسای باڵاپۆشی لە تاران هێرشکرایە سەر کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ و بریندارکرا، لە (16ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022) لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا، ئەو رووداوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان دەستیپێکرد.